رابەری رەوتی سەلەفییەكانی كوردستان عەبدوللەتیف سەلەفی باری تەندروستی ناجێگیرە.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی پەیجی فەرمی د. عەبدوللەتیف، لە دوێنێوە د.عەبدوللەتیف ئەحمەد ناسراو بە عەبدوللەتیف سەلەفی، رابەری رەوتی سەلەفییەكانی كوردستان باری تەندروستی ناجێگیرە و زۆر نەخۆشە، بەڵام تائێستا نازانرێ تووشی پەتای کۆرۆنا بووە یاخود نەخۆشیەکی تر.
عەبدوللەتیف ئەحمەد موستەفا، لە ساڵی ١٩٦٩ لەدایکبووە، لە پاش تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ئامادەیی لە بەشی عەرەبی لە زانکۆی موستەنسریە لە شاری بەغدا وەرگیراوە، و ھەموو قۆناغەکانی خوێندنی بە سەرکەوتووی بڕیوە. پاشان لە دوای تەواو کردنی خوێندنی زانکۆ لە ساڵی ١٩٩٢ بە پیشەی مامۆستا لە دوا ناوەندی چوارقوڕنە دادەمەزرێت، پاش ماوەیەک وڵات بەجێ دەھێڵێت و سەردانی کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئیسلامی دەکات بۆ خوێندن و فێربوونی زانستی شەرعی.
د.عەبدوللەتیف ئەحمەد ناسراو بە (عەبدوللەتیف سەلەفی) مامۆستای پەیمانگەی زانستی ئیسلامی لەسلێمانی و خاوەنی كەناڵی ئاسمانی (ئامۆژگاری) كە بانگخوازو وتاربێژێكی سەلەفییە، وەك بانگخوازو رێبەری سەلەفییەكان لەكوردستان ناسراوە.