قایمقامیەتی شاری هەڵەبجە لە رێگای نوسراوێکەوە ئاگاداری سەرجەم نانەواخانەکانی شارەکەی کردۆتەوە کە دەبێت نرخی نان بەهەمان نرخی پێشوو بمێنێتەوە و (٨) نان بە هەزار دیناربێت.
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە نوسراوێکی لەبارەی نرخی نانەوە رایگەیاندو ئەوەی خستەڕوو کە دوای گەیشتنی زانیاری لەبارەی گرانکردنی نرخی نان لە بەشێك لە نانەواخانەکان، لیژنەکەیان دەستیکردووە بە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرجەم نانەواخانەکان ئاگادارکراونەتەوە، نرخی نان وەکو پێشوو بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دیناربێت.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە هەر کەسێك گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا بکات، لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک لەخاوەن نانەواخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دژی گرانبوونی نرخی ئارد گردبوونەوە و داواشییانکرد، کە دەستبەجێ نرخی ئارد بۆ دۆخی پێشووتری بگەڕێتەوە.