شه‌پۆلێكی دیکەی گه‌رما روو له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، هەفتەی داهاتوو هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەر کاریگەری بارستە هەوایەکی گەرم و بەهۆیەوە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.

ئاراس جەبار، شارەزاى کەشناسى لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەھۆی کاریگەری بارستەھەوایەکی فێنکەوە پلەکانی گەرما بەرادەیەکی باش لەچاو ھەفتەکانی ڕابردوو ڕووی لە نزمبوونەوە کردوە و تا سەرەتای ھەفتەی ئایندەش ھەر بەم جۆرە بەردەوامی ئەبێت.

ئاراس جەبار ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، بەڵام لە ڕۆژانی ٢٣ی مانگ تا کۆتای ئەم مانگە بەھۆی کەوتنەوە ژێر کاریگەری بارستەھەواییە گەرمەکانی باکوری ئەفریقاوە جارێکی دیکە پلەکانی گەرما روو لەبەرزبوونەوە دەکاتەوە و چەقی کاریگەریەکانی لە رۆژانی ٢٤ بۆ ٢٦ی مانگدا ئەبێت زیاتریش کاریگەری بۆسەر ناوچە نزمەکان ئەبێت بەتایبەت ناوچەکانی گەرمیان کە تیایدا لەنێوان 24 بۆ 26ی مانگدا پێشبینی ئەکەین پلەکانی گەرما بەرزببنەوە بۆ نێوان ٤٦ تا ٤٧ پلەی سیلیزی.

بەوتەی ئەو کەشناسە" لە سەنتەری پارێزگاکانی ھەرێم و ناوچە شاخاوییەکاندا کاریگەریەکانی کەمتر ئەبێت و ماوەکەشی کورت دەبێت بەڕاورد بە ناوچەکانی باشوری گەرمیان و ناوەراست و باشوری عێراق ئەویش بەھۆی دوورکەوتنەوە لەچەقی وەرزی ھاوین و نزیکبوونەوە لە کۆتا مانگی وەرزەکە کە تیایدا بەشێوەیەکی ئاسای و سروشتی پلەی گەرما ھەنگاو بە ھەنگاو بەرەو نزمبوونەوە دەچێت".

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، لە شەوانیشدا کەشوھەوا فێنک ئەبێت ھەر بۆیە کاریگەری ئەم بارستە ھەوا گەرمانە لەم کاتەدا نابێتە ھۆی سەرھەڵدانەی گەرمای بەھێز و بەتین ھاوشێوەی مانگی ڕابردوو.



PM:08:46:17/08/2021