بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاوڵاتییەكی خەڵكی شاری دهۆك لە هەولێر کوژرا

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هاوڵاتییەک لە شاری دهۆکەوە هەڵاتبوو بۆ هەولێر، بەڵام لە هەولێر کوژرا". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی ئەمڕۆ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە حاڵەتێکی کوشتنی هاووڵاتییەک بە ناوی (محەمەد ساڵح حەسەن) لە گەڕەکی تەیراوە ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ گەیشتینە شوێنی ڕووداوەکە و پاش کۆکردنەوەی زانیاری، دەرکەوت کە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە شاری دهۆک ڕایکردوە و هاتووەتە شاری هەولێر و لە ئاکامدا کوژراوە". 

پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ئێستاشدا دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە.



PM:02:33:26/08/2021