جۆن كیری بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە بارزانییەوە كرد

ئەمرۆ پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پەیوەندی بە سەرۆكی (ماوە بۆ درێژكراوە)ی هەرێمی كوردستانەوە كردوە داوای لێكردوە پێویستە كورد بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بكات.

وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد: بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، كیری و مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و تێیدا وەکچۆن بە فواد حوسێن گوتراوە، داوای لە بارزانیش کردووە کە پێویستە کورد بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکا.
بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بە دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئێستا لە ئەمریکان‌و دوێنێ چوارشەممە، شاندەکەی هەرێم و جۆن کیری وەزیری دەرەوەی کۆبوونەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جێن ساکی، سەبارەت بەو دیدارە ئاشکرایکرد: كیری و شاندەكەی کوردستان لەو دیدارەدا، قەیرانی سیاسی عێراق بە گشتی و ئەركی كورد لە چارەسەركردنی ئەو قەیرانە بە وردی باسکراوە.

ساکی وتی: "كیری لە دیدارەكەدا ئاماژەی بە گرنگی حكومەتێكی گشتگیر و بنکە فراوان كردووە كە خواستەكانی خەڵكی عێراق و مافەكانیان لە بەرچاو بگرێ، ئەوەش بە بەشداریكردنی کارای كورد دێتە ئاراوە. حكومەتێك كە ئامێز بۆ ھەموو پێکهاتەکانی كۆمەڵگەی عێراق بكاتەوە. زۆر گرنگە لەم وەختەدا. تەنیا بەو رێگایە دەتوانرێ ھەڕەشەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش نەهێڵرێ."

هەروەها كیری ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان ئەمریكا و ھەرێمی كوردستان داوە.




PM:02:22:03/07/2014