لەبارەی گرانکردنی نرخی کرێی هاتووچۆی پاسەکانی ناوشار ڕوونکردنەوە دەدرێت

بڕیارە سبەینێ نرخی کرێی هاتووچۆی پاسەکانی ناوشاری هەولێر بەرز بکرێتەوە و سەندیکای شۆفێرانی سلێمانیش لەبارەى گرانکردنى کرێى گواستنەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت" لە حاڵەتى دابین نەکردنى سوتەمەنیدا نرخەکە بەرز دەبێتەوە". 

سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەى هەولێر ڕایگەیاند" بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بڕیاردراوە لە سبەینێەوە نرخی گواستنەوەی پاسەکانی ناوشاری هەولێر لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ ٧٥٠ دینار زیاد بکرێت". 

لای خۆشییەوە جەلال ئەبوبەکر، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند" تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی زیادکردنی نرخی کرێی پاسەکان نەردراوە".

ڕوونیشیکردەوە: شۆفێران لەگەڵ گرانکردنی نرخەکەی نین، بەڵام داوایانکردووە سووتەمەنی زیاتر و بەنرخی کەمتر بۆیان دابین بکرێت.

جەختیشیکردەوە: لەم هەفتەیەدا کۆدەبینەوە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکەین ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێت بە دڵنیاییەوە کرێی پاس گران دەکرێت.  



PM:08:21:22/10/2021