"بەغداد بەردەوام دەبێت لە ناردنی ٢٠٠ ملیارەكە بۆ هەرێم"

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی پێشوو لەسەر ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" بەغدا بڕیاریداوە مانگانە بەردەوام بێت لە ناردنی (٢٠٠) ملیار بۆ هەرێم".

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ناردنی (٢٠٠) ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان بڕیارێكی یاساییە، لە بودجەی (٢٠٢١) بڕێك بۆ هەرێم دانراوە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەنێردراوە".

ئەوەشی خستەڕوو: هێشتا وردبینیكردنی داهاتەكانی هەرێم تەواو نەبووە و حكومەتی فیدڕاڵی بڕیاری داوە تا ئەو وردبینییانە تەواو دەبن بەردەوام بێت لە ناردنی ئەو سولفەیە.

بەشێر حەداد ڕوونیشیکردەوە: هەندێك جار لە عیراق بڕیاری یاسایی ناخوات و بڕیاری سیاسی لە سەروو یاساوە دەبێت.

جێگری سەرۆکی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هیواشی خواست، کە هیچ بڕیارێكی سیاسی نەبێت بۆ راگرتنی ئەو سولفەیە و بەردەوام بێت تا ناردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی (٢٠٢١).



PM:01:52:13/11/2021