ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بارزانی بە مەبەستی شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەكانی عێراق و قسەكردن لەبارەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەولێر كۆبوەوەو لەو دیدارەدا وتی " مالیكی یەك لەسەر سێی عێراقو چەکوتەقەمەنی شەش فیرقەی تەسلیمی داعش كرد".
لەم كۆبوونەوەیەدا بارزانی لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر دوایین ڕووداوە سیاسیی و ئەمنییەكانی عێراق و بەهێزتربوونی تیرۆریستانی بە مەترسیەكی گەورە زانی و ڕایگەیاند كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی پێویستە و ئێستایش چەكداران و تیرۆریستان توانیویانە هەر لە ڕقەی سووریا هەتا نزیك بەغدا ناوچەیەكی زۆر بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. هەر لەمبارەیەوە بارزانی ئەوەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو كە شەش مانگ بەر لە ڕووداوەكانی موسڵ بەرپرسانی عێراقی و خودی مالكیی لە مەترسیی بارودۆخی شاری موسڵ ئاگادار كردووەتەوە بەڵام مالكی و بەرپرسانی بەغدا بە جدییان وەرنەگرت.
بارزانی لە درێژەی وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا كە لەدوای ئەو شكستەی كە تووشی سوپای عێراقی بووە مالیكی بۆ داپۆشینی شكستەكانی خۆی خەریكی بەخشینەوەی تۆمەتی بێ بنەمایە لەدژی هەرێمی كوردستان ئەوە لەكاتێكدایە كە بەرپرسی سەرەكیی تێكچوونی دۆخی عێراق خودی سەرۆك وەزیرانی عێراقە.
هەروەها بارزانی ئەوەیشی خستە ڕوو كە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی مالیكی یەك لەسەر سێی خاكی عێراق و كەلوپەلی سەربازیی شەش فیرقە تەسلیمی داعش كران و ئێستاكەیش سووننە و شیعە میانڕۆكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا زۆر لاواز كراون.