دوای لێکۆڵینەوە لەتانەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و موسڵ وژماردنەوەی دەنگەکان بەدەستی، دوو بەربژێری پارتی کە پێشتر راگەیاندرابوو سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، دەگۆڕدرێن بۆ دوو بەربژێری یەکێتی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، لە پارێزگای هەولێر هەرێم کەمال ئاغا کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبری لەیلا ئەکرەم سەعید بەربژێری پارتی دەبێتە ئەندامی پەرلەمان.
هەروەها لە بازنەیەکی پارێزگای موسڵ، زیاد سیدۆ بەربژێری یەکێتی دەچێتە شوێنێ عەبدولسەلام شەعبان بەربژێری پارتی و دەبێتە ئەندام پەرلەمان.
دوا لێکۆڵینەوە لە تانەکان و ژماردنەوەی دەنگەکان لەو بازنانەی تانەیان لەسەربوو، دەرچووی شەش کورسی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا هات، لە کەرکوکیش کاندیدێکی تورکمان دەگۆڕدرێت بۆ کاندیدێکی عەرەب، لە پارێزگای بەسرەش کاندیدێکی سەربەخۆ گۆڕدرا بە کاندیدێکی هاوپەیمانی فەتح، لە پارێزگای بابلیش کاندیدێکی سەربەخۆ گۆڕدرا بە کاندیدی رەوتی حیکمە، لەبەغداش کاندیدێکی لیستی عەزم سەرکەوت لە جێگای کاندیدێکی عەقدی وەتەنی.
رۆژی ١٠ تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەڵبژاردنێکی خاوێن و سەرکەوتوو ناوزەدیانکرد، بەڵام لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە.