پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت" لەشەش مانگی رابردوودا پوختەی داھات بۆ ھەر بەرمیلێکی نەوتی هەرێم( ٢٢.٥٨٨) دۆلار.. واتە: نزیکەی (٢٢ دۆلار و نیو) ماوەتەوە".
دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی دیلۆیت لە بارەی فرۆشتن و داهاتی نەوتی هەرێمەوە لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەی فەیسبووک لە نووسینێکدا، بە ناونیشانی " پارەی نەوت چی لێدێت؟ " دەڵێت "
بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ : حکومەتی ھەرێم لەماوەی شەش مانگدا (٨١ ملیۆن و ٢٩٩) ھەزار بەرمیل نەوتی بەرھەم ھێناوە بۆ ھەناردەکردن و پاڵاوتن لە نێوخۆدا..تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لەشەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ نزیکەی (٦٥ دۆلار) بوە، بەڵام تێکڕای فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بۆ بەرمیلێک( ٥٣.٤٤٦ ) دۆلار.. نزیکەی (٥٣ دۆلار) بوە.. ئەمەش داشکاندنێکی زۆرە".
هەروەها نووسیوویەتی " لەم نرخەش فرۆشراوە، بەشی زۆری بۆ کۆمپانیاو کرێی بۆری بوە.. پوختەی داھات بۆ ھەر بەرمیلێک( ٢٢.٥٨٨) دۆلار.. واتە: نزیکەی (٢٢ دۆلار و نیو) ماوەتەوە.. بەمەش : نزیکەی ٤٢٪ کۆی داھاتی نەوت بۆ تەمویلی موچە ماوەتەوە.. کەواتە: داھاتەکانی دیکەی نەوت چی لێھات؟".
ئەو پەرلەمانتارە وردەکاری زیاتر بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " کۆی گشتی داھاتی نەوت (٤ ملیارو ١٢٧ ملیۆن) دۆلارە.. بوختەی داھات بۆ موچەی فەرمامبەران ( یەک ملیارو ٧٣٧ ملیۆن) دۆلار.. کە ٤٢٪ کۆی گشتی داھاتە".
لە بارەیی بارەی کۆمپانیاکانەوە دەڵێت" پارەی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت ( یەک ملیارو ٣٩٤ ملیۆن) دۆلارە.. کە ٣٣.٨٪ دەکات.. ئەم ڕێژە زۆر زۆرەو پێداچونەوەی دەوێت.. چونکە نزیکەی ٣٧٪ نەوتی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەیەو کۆمپانیای کار بەڕێوەی دەبات و گرێبەستی خزمەتگوزاریە و تێچوو و شایستەی کۆمپانیا دەبێت زۆر کەم بێت".
لە بارەی گواستنەوەی نەوتی هەرێمەوە، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت "کرێی بۆری زۆرەو گرفتێکی گەورەیە.. لە سنوری ھەرێمی کورستان (٦٠٪ ھی ڕوسنەفت و ٤٠٪ ھی کۆمپانیای کارە) بڕی (٤٥٤ ملیۆن) دۆلاریان پێدراوە بۆ شەش مانگ! کە ١١٪ کۆی داھاتی نەوتە! کە دەکرا ئەم بۆریە ھی حکومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی بێت! نەک دوو کۆمپانیا ١١٪ کۆی داھاتی نەوت ببەن! ".
-لەبارەی ئەو بڕە دەچێت بۆ کۆمپانیای گواستنەوەی تورکی، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت " کۆمپانیای وزەی تورکی بڕی( ١٧٢ ملیۆن) دۆلاری وەرگرتوە! ٤.١٪ دەکات! ڕێژەکانی دیکە کە نزیکەی ١٠٪ داھاتی نەوتە بۆ: گۆڕانکاری لە ڕەسیدی کڕیارو سودو ڕسوماتەکان.. ھتد ڕۆشتوە".
ئەو پەرلەمانتارە سەرنج و ڕەخنەکانی خۆی بەم شێوەیە بڵاوکردۆتەوە" نرخی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم بەراورد بە برێنت زۆر زۆر کەمترە.. کە ١٢ کەمترو پێداچونەوەی جدیە! ".
هەروەها " پێدانی زیاتر لە ١٥٪ بە کرێی بۆری بڕە پارەیەکی ئێجگار زۆرە! بێ وێنەیە لە دونیا'.
دەشڵێت " ئەوەی جێگای سەرنجە، ڕووبەری بۆری لە سنوری تورکیا زۆر زیاترە لە ڕووبەری بۆری لە سنوری ھەرێمی کوردستان! بەڵام کرێی بۆری لە سنوری ھەرێم نزیکەی سێ ھێندەی کرێی بوۆریە لە تورکیا".
دەربارەی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم، پەرلەمانتارەکەی گۆڕان دەڵێت "کۆی ڕەسیدی کۆمپانیاکان لەسەر حکومەتی ھەرێم"قەرزی کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر حکومەتی ھەرێم" لە کۆتایی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ(٣ ملیارو ٩٣٠ ملیۆن دۆلارە)..پێویستە: پرۆسەی فرۆشتن داشکاندن لە نرخ و کۆی خەرجی نەوت پێداچونەوەی بۆ بکرێت).