راگه‌یه‌ندراوێك لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە

سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌، كه‌ تیایدا  سەبارەت بە دۆخی کۆبانی، رایده‌گه‌یه‌نێت "ماوەیەکە ناوچه‌ی‌ کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەن گروپه‌ چەکداره‌كان روبەڕوی پەلامارێکی رێکخراوی رۆژانە بوەتەوە و بەهۆیەوە هەڕەشەی جیدی لە سەر خەڵکی سڤیل و خۆراگری ئەو ناوچەیە دروست بوە".


ده‌قی‌ راگه‌یەندراوه‌كه‌:

 سەبارەت بە دۆخی کۆبانی ماوەیەکە ناوچه‌ی‌ کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەن گروپه‌ چەکداره‌كان روبەڕوی پەلامارێکی رێکخراوی رۆژانە بوەتەوە و بەهۆیەوە هەڕەشەی جیدی لە سەر خەڵکی سڤیل و خۆراگری ئەو ناوچەیە دروست بوەو و ئەو ئارامی و ئازادیەی کە لە ماوەی رابردودا لەو ناوچەیەدا بەرقەرار بوە روبەڕوی مەترسی بوەتەوە.

ئەوەی جێگەی مەترسیە ئەو پەلامارانە بەوردی نەخشەی بۆ داڕێژراوەو بە چەکی قورس و ئەو جبەخانە زۆروزەبەندە ئەنجام دەدرێت کە گروپه‌ چەکداره‌كان لە عێراق دەستیان کەوتوە.

سەرۆکایەتی پەرلەمای کوردستان وێڕای دەست خۆشی لەو بەرخۆدان و خۆڕاگریه‌ی کچان و کوڕانی گەلەکەمان لەو بەشەی کوردستان کە بونەتە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوت و ئازادیه‌ی کە بە خوێنی خۆیان بە دەستیان هێناوە، لە هەمانکاتدا داوا لە هەمو هێزە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەین هەرچی زوە ناکۆکی و ململانێکانیان بەلاوە بنێن، و لەو هەلومەرجە دژوار و ناسکەدا کە هەڕەشە لە ئایندەی گەلەکەمان دەکرێت، یەک دەست و یەک هەڵوێست روبەڕوی مەترسیەکان ببنەوە و رێگە به‌دوژمنانی کورد نەدەن مەرامەکانیان بێنەدی.

هاوکات داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئه‌وروپا و کۆمکاری عەرەبی دەکەین بە بەرپرسیارێتیەوە بڕواننە دۆخی کوردانی رۆژئاوا و هەڕچی زوە دەرگای هاوکاری و یارمەتیە مرۆییەکان بەڕوی خەڵکی کۆبانیدا بکەنه‌وە، و رێگە لە رودانی کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵکوژی له‌دژی‌ کوردانی‌ ئه‌و ناوچەیە بگرن.

 هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وهێزە سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەین هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن، و بەهەرشێوەیەک کە بە گونجاوی دەزانن، و پێیان دەکرێت پشتیوانی لە برا کوردەکانیان بکەن به‌سه‌رجه‌م بیروبۆچون و هێزه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌ لە رۆژئاوای کوردستان، بە زوترین کات بە هانایانەوە بچن و لەم کاتەدا ببنە پشت و پەنا بۆیان .
نه‌مری‌ بۆ شه‌هیدان، سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌باتی‌ ره‌وای‌ گه‌لی‌ كوردستان
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
 13-7-2014



PM:03:04:13/07/2014