ئاماری سه‌ردانیكردنی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاشکراکرا

دەستەی  گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە چوار ملیۆن گەشتیار سەردانی شارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە". 

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار ملیۆن و ٩٣ هەزار و ٨٨٨ گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و زۆربەیان لە ناوچەکانی خواری عێراقەوە هاتوون. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو ماوەیەدا یەک ملیۆن و ٩٧٥ هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای هەولێر کردووە و رێژەی ٤٨٪ گەشتیارانی پێکهێناوە، بەوەش لە ریزبەندی یەکەمی سەردانی گەشتیاران بووە. 

باسی لەوەشکردووە، هەریەک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە لە پلەی دووەمدان و رێژەی ٣٤٪ گەشتیارانی هاتوو سەردانیان کردووە، کە ژمارەیان یەک ملیۆن و ٣٧٥ هەزار گەشتیار بووە. 

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم روونیشیکردەوە، پارێزگای دهۆک لە ریزبەندی سێیەمدایە و رێژەی ١٨٪ گەشتیاران سەردانیان کردووە، کە دەکاتە ٧٥٤ هەزار گەشتیار. 



PM:11:07:30/12/2021