60%ی خەندەقی ناوچە كوردستانیەكان تەواو بووە
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگە، 60%ی ئەو خەندەقەی بەدەوری ناوچە كوردستانیەكان لێدراوە كارەكانی تەواو بووە.
هەڵگورد حیكمەت بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و رۆشنبیری لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاند "هەڵكەندنی خەندەق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەردەوامە و تاوەكو ئێستایش نزیكەی 60%ـی تەواو بووە، مەبەست لە لێدانی ئەو خەندەقەیش بۆ رێگریكردنە لە هاتنەناوەوەی گرووپە تیرۆرستییەكان نەك دیاریكردنی سنووری هەرێمی كوردستان".
عەمید هەڵگورد وتیشی "ئەم خەندەقە بە بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگە لێدەدرێت و پلانێكە بۆ تۆكمەكردنی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دانراوە".
هاوكات ڕوونیشی كردەوە، قوڵایی خەندەقەكە نزیكەی سێ مەتر و پانتاییەكەیشی زیاتر لە دوو مەتر دەبێت و لێدانی ئەو خەندەقەیش بەردەوام دەبێـت تاوەكو لە هەموو ناوچە كوردستانییەكان لێ دەدرێت.
PM:03:46:15/07/2014