قائانی پەیامی رابەری ئێران بە بارزانی دەگەیەنێت


ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودس دوو پەیامی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق عەلی خامنەیی، رابەری كۆماری ئیسلامی ئێرانی بە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیاندووە.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (سپی) ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودس سەردانی مەسعود بارزانی كردووە و دوو پەیامی رابەری ئێرانی بە بارزانی گەیاندووە و ئەوانیش "كورد بەتایبەتیش پارتی نابێت ببێتە بەشێك لە ململانێی ناوماڵی شیعە واتە پشتی لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە بگرێت، هەروەها نابێت كورد كاندیدی موقتەدا سەدر بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران قبوڵ بكات".

ئەو سەردانەی قائانی بۆ لای بارزانی لە كاتێكدایە هەفتەی رابردووش لەشاری بەغدا قائانی چاوی بە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كەوت.

بڕیارە رۆژی 7ی شوبات، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق كۆببێتەوە، تائێستا پارتی و یەكێتی بە دوو كاندیدی جیاواز دەچنە كێبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.




PM:07:59:30/01/2022