فراكسیۆنی پارتی: قائانی داوای كشانەوەی كاندیدانی پارتی و یەكێتی نەكردووە


فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران داوای كشانەوەی كاندیدانی پارتی و یەكێتی لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی نەكردووە.

ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێی نەجەف هیچ بەڵێن و بڕیارێكی كۆتایی نەدراوە، بەڵام ئەوەی هەیە لە ئەنجامی ئەو كۆبوونەوەیە، چوارچێوەی دەستوری و كاتی دەستوری هەیە دەبێت ڕێز لەو بڕگە دەستورییانە بگیرێن كە دەبێت 7/2 سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت، دواتر كەسێك ڕابسپێردرێت بە پێكهێنانی حكومەت دواتر دەتوانن زیاتر گفتوگۆ بكەن كە دەتوانن هەندێك لایەن بهێنرێنە ناو گفتوگۆكان بۆ بەشداریكردن لە حكومەت.  

سەبارەت بەوەی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران پێشنیازی بۆ بارزانی كردبێت كە پارتی و یەكێتی هەردوولا كاندیدەكانیان بكشێننەوە، دەخیل وتویەتی "بە هیچ جۆرێك شتی وا نەبووە، قائانی باسی پۆستی سەرۆك كۆمار و كشانەوەی كاندیدەكەی پارتی لەگەڵ سەرۆك بارزانی نەكردووە، ئەوەندەی كە باسكرا لەگەڵ جەنابی سەرۆك ئەوەیە ئێستا دۆخی شیعە بە ئاڕاستەیەكی خراپدا دەڕوات ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات ئەوا ڕەنگە كاریگەری هەبێت لەسەر شەقامی شیعە، بۆیە داوا لە جەنابی سەرۆك كرا كە دەستپێشخەرییەكی لەو جۆرەی هەبێت بەو پێیەی سەركردەیەكی حەكیمە و هەمووان گوێی لێدەگرن، خۆی ئەسڵەن جەنابی سەرۆك پێشتر دەیویست دەستپێشخەری وا بكات، بۆیە بە هیچ جۆرێك باسی كشانەوەی كاندیدەكەمان نەكراوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، یاخود كۆماری ئیسلامی ئێران فشارێكی لەو جۆرە بكات كە دەبێت پارتی چی بكات یا نا، بەڵكو تەنها داوا لە جەنابی سەرۆك كرا بۆ ئەو دەستپێشخەرییە".   

دەربارەی تێوەگلانی هۆشیار زێباری لە گەندەڵی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت " هەر كەس خۆی كاندید دەكات بە كۆمەڵێك پرۆسەدا دەڕوات كە بریتیە لە دادگا و دەستپاكی، ئینجا پەسەند دەكرێت بۆ كاندیدبوون، دوێنێ ناوی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار دەرچوون ئەگەر گرفتێكی یاسایی هەبووایە ئەوا ناوەكەی دەرنەدەچوو، هەمووان ئەوە دەزانن ئیستجوابی كاك هوشیار ئیستجوابێكی سیاسی بوو، كوتلەی سەدریش دەزانێت ئیستجوابەكە لەلایەن دەوڵەتی قانون و مالكیـیەوە هاتبوو، بۆیە بڕوا ناكەم ئەو شتە هیچ كاریگەری هەبێت".  
 
ڤیان دەخیل ئاماژەە بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی كردووە و وتویەتی "ئێمە متمانەمان هەیە بە كاندیدی خۆمان و بەردەوام دەبین، بەڵام گفتوگۆ هەر دەمێنێت لەگەڵ لایەنەكانی تر، مەرج نیـیە ئێمە سەرۆك كۆمارمان وەرگرت ئیتر بە واتای دەرگای گفتوگۆ دادەخرێت، نەخێر گفتوگۆ هەر دەمێنێت، ڕەنگە ئەو دەستپێشخەریەی لە نێوان پارتی و سەدر و حەلبوسی كرا، دەرگایەكی تر بێت بۆ یەكێتی تا موڕاجەعەی خۆیان بكەن كە بزانن بەرژەوەندی خەڵك لە پێشتر و باشترە لە پەیوەست بوون بە كەسێك، چونكە یەكێتی خەڵك و لایەنگری خۆی هەیە چاوەڕێ دەكەن كە كاریان بۆ بكات، سبەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە پێشە، بۆیە یەكێتی دەبێت بزانێت بەشداریكردن لە گفتوگۆكان و حكومەت لە بەغدا باشترە لە پەیوەستبوون بە كاندیدێك".  




AM:10:05:01/02/2022