نازم دەباغ: بۆچونی ئێران سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەک بۆچونی وڵاتانی تر وایە

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایدەگەیەنێت" بۆچونی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەک بۆچونی وڵاتانی تر وایە، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەر وڵاتێکی تری دەرەوە ئەوە بە کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقی دەزانن پێویستی بەوەیە کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقی لە ڕێگەی یاسایی و سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بە ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا". 

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی بۆچونی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ( بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غاز- لە هەرێمی کوردستان) بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" بۆچونی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک بۆچونی وڵاتانی تر وایە، هەموویان یەک بۆچونیان هەیە لەسەر ئەوەی کە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری داوە بە ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەند لە چوارچێوەی یاسای فرۆشتنی نەوت و گاز، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەر وڵاتێکی تری دەرەوە ئەوە بە کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقی دەزانن پێویستی بەوەیە کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقی لە ڕێگای یاسایی و سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن بە ڕەچاوکردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەردوولا، دەتوانم بڵێم جگە لە یاسا، سیاسەتیشی تێدەکەوێت، چونکە ئەگەر لێکدانەوەیەک بکەین بۆ خودی بڕیارەکە ئەوەندەی سیاسەت جوڵاندویەتی ئەوەندە لە بارودۆخی یاسایی نەجوڵێنراوە، چونکە لە بارودۆخێکی هەستیار و ناسکدا دادگای فیدراڵی عێراق ئەو بڕیارەی دا، بۆیە پێم وانیـیە کۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت پێچەوانەی ئەو بڕیارە بجوڵێتەوە". 

دەباغ وتیشی" دەربارەی بەشداری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کڕین و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی من پێی ئاگاداربم، چونکە مەرج نیـیە %100 هەموو شتێک ئاگاداربم، نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نافرۆشرێت تەنها بە شێوازێکی زۆر کەم نەبێت کە لە باشترین حاڵەتدا بە نەوت و نەوتی ڕەشیش ترانزێت دەکرێت لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێرانی یان جاری وا هەیە دراوە بە پاڵاوگەکانی ئێران لە نزیک مەرز وەکو کرمانشان، نەگەیشتۆتە 30-35 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بۆیە ڕێژەیەکی ئەوەندە شایستە و شیاو نیە کە هەموو لایەک دەزانن لە ڕێگای تانکەرەوەیە، بەڵام نەوتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا ئەوەی کە باس دەکرێت بڕی 450 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەفرۆشرێت هەمووی لە ڕێگای بۆری نەوتە کە لە بەندەری جیهانی تورکیایە". 

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەشڵێت" پابەند بوونی ئێران بەندە بەوەی ئەو نەوتەی دێت لە سنوورەکانەوە ئایا دەچێت بۆ ئێران یا نا؟ یا خۆ ئێران لە خۆیەوە بڕیار نادات دژی حکومەتی هەڕێمی کوردستان کە نەوت وەرنەگرێت چونکە بە شێوازێکی فەرمی ئێران نەوت لە هەرێم ناکرێت ، بەڵکو ئەوە بازرگانەکان بە شێوازی پیلەوەری (سەرپێی) خۆیان مامەڵە دەکەن، ئەو نەوتەی بۆ کۆماری ئیسلامی لە هەرێمەوە دێت لە %80 ی نەوت نیـیە، بەڵکو نەوتی ڕەشە کە لە پاڵاوگەکان دەمێنێتەوە لە جیاتی ڕۆ بکرێتە سەر زەوی کە سەردەمی سەدام حسێن هەندێک جار لە ناوچەی بێجی ڕۆیان دەکرد بەڵام ئەمە دێت بۆ ئێران کە بەشی زۆری ترانزێتە کە دەڕوات بۆ بەندەر عەباس وە بەشێکیشی ڕەنگە سوودی لێ ببینرێت لە پاڵاوگەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی". 

ئەوەشی خستەڕوو، وایلێهاتووە ئەگەر بێت و بەفر و باران لە ناوچەکە ببارێت زیان لە هەرێمی کوردستان یان عێراق بدات دەڵێن ئێرانە، بەشێکی بەستراوەتەوە بەو سیاسەتەی لە عێراق پیادە دەکرێت، چونکە ئەگەر ئامادەیی نەبێت لە لایەنی لایەنە عێراقیەکان بۆ دەستخستنە نێو کاروبارەکان ئێران و ئەمەریکا و تورکیا چ دەسەڵاتێکیان هەیە بێن بە سەریاندا فەرزی بکەن؟ هەروەها هۆکارێکی تر بەندە بەو سیاسەتە گشتیەی کە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیانە کە لە کاتی خۆیدا کێشەکان چارەسەر ناکرێن، یان بە دوای ئەوەوە ناگەڕێن بەڵکو بێدەنگیـیەک کە دروست بوو دەڵێن سوپاس بۆ خوا بێدەنگ بوون، دەبێت بیریش لەوە بکەنەوە ڕۆژێک دێت خەڵک و لایەنەکان بە دەنگ دێن، بۆیە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان خۆیان لەگەڵ یەکتر، وە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم کەیسە یاساییە بە سیاسی بکەن وە لە دادگا بیجوڵێنن بڕیای لەسەر بدرێت، چونکە هەموو لایەک دەزانن ئەم کەیسە هی ئەمڕۆ نیـیە، هی 10 ساڵ لەمەوبەرە.

نوێنەری حکومەتی هەڕێمی کوردستان لە تاران باسی لەوەشکرد، من لە ئێستادا وای نابینم پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران خراپ بێت، بەڵام هەمیشە بە درێژایی مێژوو بەپێی ئەو تەمەنەی هەمە، ئەم پەیوەندییانە بەرز و نزمی تێکەوتووە، ئەمەش دەکرێت بە بەرزی و نزمیەک دابنرێت، بەڵام هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن و چوونە سەر ئەو ڕێچکەیەی کە پەیوەندییەکان دەپارێزێت بەردەوامە. 



PM:02:45:22/02/2022