وتەبێژی حكومەتی هەرێم مەترسییەكی راگەیاند


جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم  دوور نییە بڕیاری لەشكركێشی بۆ سەر هەرێم و گرتنی خاڵە سنوورییەكان و داخستنی فڕۆكەخانەكانی بەدوادا بێت.  

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم بە كوردستان24ی راگەیاندووە، "بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز، پێشینەیەكی مەترسیدارە، دادگا بە لایەنداری بڕیار بدات، بۆیە ئەو بڕیارە نەك تەنیا مەترسی لەسەر هەرێم دەبێت، بەڵكو تەواوی پرۆسەی سیاسی و سیستمی فیدراڵی عێراق لە مەترسیدا دەبێت ".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم بڕیارە شتی دیكەی بەدوادا دێت و دوور نییە بڕیاری لەشكركێشی بۆ سەر هەرێم و داگیركردنی خاڵە سنوورییەكان و داخستی فڕۆكەخانەكانی بەدوادا بێت، بۆیە رەتمان كردۆتەوە".  

جوتیار عادل وتوشیەتی "پێشبینی دەكەین بە كاریگەری لایەنێكی سیاسی بڕیارەكانی دەربچن بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و دەیانەوێت ناوەندێیتییەكی ئابووری لە عێراق دروست بكەن، بە رای ئێمە دەستور تەنیا رێگەیە بۆ چارەسەری كێشەكان، لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان پرسی دەستوور پیرۆزە و دەبێت رێزی لێ بگیرێت. تەنیا رێگە بۆ چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ دەستوور".  

هەفتەی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بەشێوەی راستەوخۆ.




PM:09:30:23/02/2022