چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێم تێكڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیان رەتكردەوە


چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند، بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدرالی قبوڵكراو نییە و ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی و بە هیچ شێوەیەك دەست لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەڵناگرێت و هەموو ڕێگەیەكی یاسایی و دەستووری دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت.

ئەمڕۆ چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر نادەستووریبوونی دۆسیەی نەوت و غازی هەرێم كۆبوونەوە و راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی..

ئەمڕۆ دووشەممە 28/2/2022 بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەرچوار سەرۆكایەتییەكان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەكەدا بڕیاری دادگای فیدرالی عیراق لە ڕێكەوتی 15/2/2022 دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا‌. لەمبارەیەوە كۆبوونەوە جەخت دەكاتەوە كە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدرالی قبووڵكراو نییە و ھەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پیادەكردنی مافە دەستوورییەكانی و بە هیچ شێوەیەك دەست لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەڵناگرێت و هەموو ڕێگەیەكی یاسایی و دەستووری دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزێت، لەبەر ئەم ھۆكارانەی خوارەوە‌:

1- بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی پێچەوانەی دەق و گیان و بنەما ڕاستەقینەكانی سیستەمی فیدرالییە و پێشێلكردنێكی زەق و ئاشكرای ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە.

2- بریارەكەی دادگا به ‌شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەمواركردنێكی نادەستووریی دەستوورە، چونكە بووەتە هۆی لێسەندنەوەی دەسەڵاتێكی دەستووریی هەرێمەكان و بەخشینی بە دەسەڵاتی فیدرالی كە ئەمەش ناتەبایە لەگەڵ دەسەڵاتی دادگای فیدرالی و پاشگەزبوونەوەیە لە سیستەمی فیدرالی.

3- دادگا لە بڕیارەكەیدا پشتی بە یاساكانی ساڵانی 1976 و 1985ی عیراق بەستووە كە یاسای ناوەندین و لەگەڵ بنەماكانی دەستووری ساڵی 2005ی عێراقی تازەدا‌ ناكۆكە كە سیستمی حوكمی لە عیراق لە ناوەندییەوە بۆ سیستەمێكی فیدرالی گۆڕیوە و بە ڕوونی دەسەڵاتەكانی هەرێم و پارێزگا‌كان و دەسەڵاتی فیدراڵی دابەش كردووە.

4- هەرێمی كوردستان پێی وایە ئەم بڕیارە جگە لەوەی بنكۆڵكردنی دەستوور و سیستمی فیدرالییه، لە هەمان كاتدا پێشی وایە مەرامی تایبەتی لە پشتە و بێلایەن نییە، بەتایبەتیش كە‌ عیراق بە دۆخێكی زۆر هەستیار و ئاڵۆزی سیاسیدا تێدەپەڕێت و لایەنە سیاسییەكان خەریكی گفتوگۆن بۆ لێكگەیشتن و دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی و بنبەستی سیاسی، ئەم بڕیارە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.
5- دووپاتی دەكەینەوە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و دەقی ماددەی (112)ی دەستووری عیراق ئەنجام دراون، ئەمەش لە كاتێكدا دەسەڵاتە فیدرالییەكان دوای تێپەڕبوونی (17) ساڵ نەیانتوانی ئەركی یاساییی خۆیان جێبەجێ بكەن بە دانانی یاسایەك بۆ نەوت گاز لە عیراق، وێڕای دەستپێشخەرییەكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2007 و پاشگەزبوونەوەی حكوومەتی ئەوكاتی فیدرال لەو ڕەشنووسە هاوبەشەی یاسای نەوت و گاز كە ڕێككەوتنی لەسەر كرابوو.

6- بە گرنگی دەزانین دادگای باڵای فیدرالی بە یاسایەكی نوێ و بەپێی حوكمەكانی ماددەی (٩٢)ی دەستوور پێك بێت و ئەركەكانی بەپێی دەستوور جێبەجێ بكات، هەروەها هەموو ئەو دامەزراوە دەستوورییانەش بەپێی دەستوور یاسایان بۆ دەربچێت و پێكبێن كە زامنی بەرجەستەكردنی سیستمی فیدرالین.

لە‌م پێناوەدا سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و عیراق و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێكارێك بۆ پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان. ھەروەھا پەرلەمانی كوردستان ڕێكاری یاسایی و دستووریی پێویست دەگرێتە بەر و ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی كوردستان لە پێگە دەستوورییەكەی خۆیەوە بەردەوام دەبێت لەگەڵ ناوەندە دادوەرییەكانی عێراقدا بۆ داكۆكیكردن لەسەر دەستووریبوونی مافەكانی ھەرێمی كوردستان.

حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك هەمیشە لەسەر بنەمای دەستوور ئامادەی چارەسەركردنی كێشەكانە و بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی، دۆستانی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیری لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور دەكەن.







PM:06:48:28/02/2022