بارزانی: لە ژێر هیچ گوشارێكدا ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێت

مەسعود بارزانی لە ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئاداردا جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی" کە لە هەر بارودۆخ و لە ژێر هەر گوشارێكدا ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێت".

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار دەستكەوتێكی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوو، کە بەڵگەیەكی ڕوونە لە سەركەوتنی شۆڕش و ئیرادەی ڕەوای گەلی كوردستان بەسەر نكۆلیكاری ناحەزانی گەلی كوردستان و هەوڵەكانیان بۆ سڕینەوەی گەلەكەمان، هاوکات بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوو، ئەو خەباتەی لەپێناو بەرقەراربوونی پێكەوەژیان و شەراكەت و دادپەروەری و ئاشتیدا بەردەوام بوو و گەییشتە ئەنجام.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستوەتەڕوو، ڕاستە لەدوای ڕێككەوتنی یازدەی ئازاریش ڕژێمی عێراق ڕێگەی پەیمانشكێنی و ملهوڕی گرتەبەر بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بۆ بەردەوامی خەبات و خۆبەدەستەوەنەدان هەر بەردەوام بوو و، بووە هۆی بەدەستهاتنی دەستكەوتی گەورەتر.

بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاردا جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە لە هەر بارودۆخ و لەژێر هەر گوشارێكدا ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێت و، كوردستان دەستبەرداری ئازادی و مافە ڕەواكانی نابێت.


AM:10:57:11/03/2022