لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانەوە روونکردنەوە دەدرێت


لەبارەی بەردەوامی بایکۆتی دەوامەوە لەلایەن مامۆستایانی دەڤەری سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکان، جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند" بایکۆتکردنی مامۆستایانی بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین بەردەوامەو بەشێکیان شکاندویانە".

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئەحمەد گەرمیانی، جێگری سکرتێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " لەئێستادا نازانین لە چەند قوتابخانە بایکۆتی دەوام کراوە، چونکە دوای ئەوەی حکومەت دەستی بە دابەشکردنی مووچە کرد، بەشێکی زۆری ئەو مامۆستایانەی بایکۆتیان راگەیاندبوو گەڕاونەتەوە قوتابخانەکانیان".
  
هەروەها دەشڵێت، "ئێمە وەک یەکێتی مامۆستایان پشتیوانی مافەکانی مامۆستایان دەکەین، ئێمە دەستوەردانی سیاسیی ناکەین، مووچەی ئێمە بووەتە قوربانیی ململانێی سیاسیی نێوان سلێمانی و هەولێر".  
  
لەدوای دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو، بەشێک لە مامۆستایان لە سنوری سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند.



PM:11:46:12/03/2022