هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە موشەكبارانكردنی شاری هەولێر


پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "بە موشەكبارانكردنی هەولێر دەیانەوێت ملكەچمان بكەن، بەڵام هەڵەن و ئێمە هەرگیز ملكەچ ناكەین".   

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە "هێرشی مووشەكی بۆ سەر شاری هەولێر شەرمەزار دەكەین، ئەو لایەنەی كە هێرشەكەی ئەنجامداوە دژایەتیان لەگەڵ هەر لایەنێك هەیە، ئەوا ئەو لایەنانە دەوڵەتیان هەیە و وڵاتەكانیان شاراوە نین و لە ژێرزەمین نین، دەتوانن لەگەڵ خۆیان مامەڵە بكەن."   

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لە هێرشەكەدا خەڵكی مەدەنی زیانی بەركەوتووە و ئەوانەی زیانیان بەركەوتووە هیچ تاوانێكیان نییە، خوێندنەوەكە ئەوەیە كە ئەو هێرشە هەوڵدانێكە بۆ ملكەچكردن، بەڵام پارتی و خەڵكی كوردستان ملكەچ نابن و بەرەنگار دەبنەوە."   

مەحمود محەمەد روونیكردەوە "ئێمە نە دوژمنایەتی كەس دەكەین و نە دەمانەوێت لە خاكی ئێمەوە دوژمنایەتی كەس بكرێت، هیوادارین سەرجەم لایەنەكان لەو هەڵوێستە سەردەمییەی ئێمە بگیرێت، لەجیاتی ئەوەی مووشەكمان ئاڕاستە بكەن."   

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 12 مووشەك ئاڕاستەی شاری هەولێر كران، پاشنیوەڕۆی ئەمڕش سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان گرتە ئەستۆ و رایانگەیاندووە "بەو موشەكانە ناوەندی موسادی ئیسرائیلیان كردۆتە ئامانج".




PM:07:08:13/03/2022