شەش بڕیار لە وەزارەتی كشتوكاڵەوە سەبارەت بە پڕۆژە پەلەوەرییەكان


وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەش بڕیاری نوێی لە بەرژەوەندی پڕۆژە پەلەوەرییەكان دەركردووە.

وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بێگەرد تاڵەبانی، بەئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەت كۆبوونەوە و بەمەبەستی رێگری لە بەرهەمی پڕۆژە پەلەوەرییەكان لەلایەن وەزارەتی كشوكاڵی حكومەتی عێراق و گرانبوونی نرخی ماددە خۆراكیەكان و پاڵپشتی پڕۆژە پەلەوەرییەكان.

بەپێی راگەیەنراوەكە دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی بابەتەكان و گەڵالەكردنی سەرنج و پێشنیارەكان، چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئێستای وەزارەت پەسند كران و بریاری لێوەدرا بەتایبەتی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەكەم: بەمەبەستی بەبازاڕكردنی بەرهەمی كێلگە پەلەوەرییەكان بریاردرا نوسراوێك ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، وەك پاڵپشتی بۆ خاوەنی پڕۆژەی كێلگە پەلەوەریەكان، كە داوابكرێ لە وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم، بەرهەمی خۆماڵی و گۆشتی مریشكی كوشتارگە پەلەوەریەكانی ناوخۆی هەرێم بەكاربهێنرێ.

دووەم: بڕیاردرا لە ئەم هەفتەیەدا كۆبونەوەیەكی فراوان ئەنجام بدرێ لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزار و نوێنەرایەتی ژوورە بازرگانیەكان و خاوەنی مۆڵ و ماركێتە گەورەكان، بەمەبەستی ئامادەكاری داكردن/خەزنكردنی بەرهەمی كێلگە پەلەوەریەكان و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت بۆ ئەم پرۆسەیە، بۆ هاوسەنگی نرخ و بەردەوامی لەسەر خستنەروو، دابینكردنی خواست و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانی خاوەنی پڕۆژەكان.

سێیەم: بریاردرا لەگەڵ خاوەنی كوشتارگە پەلەوەرییەكان كۆبونەوەیەك ئەنجام بدرێ، تاوەكو بەزووترین كات بتوانرێ كوشتارگاكان ئامادەبكرێ، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و ژوورە بازرگانیەكان بۆ داكردن / خەزنكردن و ئامادەكردنی بەرهەمی گۆشتی مریشكی كێلگە پەلەوەرییەكان و ساغكردنەوە و ئامادەكردنی بۆ هاوڵاتیان و چێشتخانەكان و ماركێتەكان و مۆلەكان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان. 

چوارەم: بریاردرا كە نووسراوێك ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوری بكرێت، بە مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی كەوا لەئێستادا نرخی بەرزبۆتەوە و كێشەی بۆ گرانی نرخی عەلەف دروستكردووە، بەتایبەتی هاوردەكردنی گەنمەشامی و زێدەی ئالیك و گەنمی شكاوی عەلەفی و كەپەك ،هەروەك لەماوەی رابروو وەزارەت نوسراوی فەرمی داوای كردووە بۆ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ بابەتەكانی هاوردەكردنی سۆیا و پریمێكس و زەیتی عەلەفی، بۆ ئەوەی تێچووی بەرهەمهێنان كەمبكرێتەوە و نرخی ئالیك دابەزێت لەبازاڕەكان.

پێنجەم: رێگەدرا بە هاوردەكردنی ئەم مادانەی خالی چوارەم كە بەشێوەیەكی ئازادانە لە رێگەی خاوەنی كارگە و پڕۆژە و كۆمپانیاكان كە مۆلەتی فەرمیان هەیە ،بۆ ئەوەی نرخی عەلەف لەكاتی ئێستادا دابەزێت و پڕۆژەكانی بەرهەمهێنان بەردەوام بن.

شەشەم: بریاردرا كە كۆبونەوەیەك ئەنجامبدرێ لەگەڵ كۆمپانیای دانا غار بەمەبەستی پاڵپشتی و دابینكردنی سوتەمەنی بە نرخێكی گونجاو بۆ خاوەنی پڕۆژە پەلەوەریەكان ،هاوشێوەی كەمكردنەوە و دابەزاندنی نرخی كرێی كارەبا بۆ پڕۆژەكانی سێكتەری كشتوكاڵی لەلایەن وەزارەتی كارەبا.




PM:10:47:13/03/2022