پەرلەمانتارێک: ماوەی حەوت رۆژە پارەی مووچە ئامادەیە، بەڵام دابەش ناکرێت

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ماوەی حەوت ڕۆژە پارەی پێویست ئامادەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران، بەڵام دابەش ناکرێت". 

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ئه‌مڕۆ لە بڵاوکراوەیەکدا له‌باره‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند" بۆ مووچە (٦٠٠) ملیۆن دۆلار پێویستە، داهاتی نه‌وتی مانگی رابردوو (٥٥٠) ملیۆن دۆلار بووه‌، مانگی دوو كه‌ (٢٨) رۆژ بوو، تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت (٩٧) دۆلار بوو، داهاتی نەوت بۆ مووچە تەرخانکرا (٤٨٨) ملیۆن دۆلار بووە، ئەم مانگە تێکڕای نرخی نەوتی برێنت ١١٣ دۆلارو ٨٧ سەنت بووە، بە فرۆشتنی بە (١٠) دۆلار کەمتر لە برێنت، دواتر تەنها (٤١%) داهاتەکەشی  بمێنێتەوە، بەلای کەم داهاتی نەوت دەگاتە (٥٥٠) ملیۆن دۆلار". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، (٢٠٠) ملیار دینار له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، تا ئێستا هیچی خەرجنەکراوە و بۆ تەواوکردنی مووچە لەم بڕە پارە (٧٣) ملیار دینار پێویستە، واتە، (١٢٧) ملیار دینار دەمێنێتەوە. 

له‌باره‌ی داهاتی ناوخۆ، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ به‌دواداچونی كردووه‌ و دەڵێت" داهاتی ناوخۆ کە نزیکەی (٣٥٠) ملیار دینارە، بەمەش داهات (٤٧٧) ملیار دیناری زیاترە لە مووچە، جگە لە دابەشکردنی مووچە ئیدی کاتی دەستپێکردنەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانە". 

جه‌ختیشیكردەوە، درێژکردنەوەی ماوەی دابەشکردنی مووچە بۆ ئەوەی لە مانگی ڕەمەزان یەک مووچە بدرێت کارێکی ناڕەوایە، بە دڵنیایی دەتواندرێت تاوەکو جەژن دوو مووچە بدرێت.



PM:12:01:02/04/2022