شانەی راگەیاندنی سەربازی عێراق راگەیەنراوێكی سەبارەت بە هێرشەكەی ئەمشەوی هەولێر بڵاوكردەوە


شانەی راگەیاندنی سەربازی عێراق رایدەگەیەنێت "لەلایەن گروپە لەیاسا دەرچوەكانەوە تۆپبارانی ناحیەی خەبات لە پارێزگای هەولێر كرا، لەئێستاشدا دەزگا ئەمنیەكان، ئۆپەراسیۆنێكی گەڕان و پشكنینیان بەدوای ئەو شانە تیرۆرستیانە دەستپێكردوە كە ئەم كردەوە تیرۆرستیەیان ئەنجامداوە".

شانەی راگەیاندنی سەربازی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەكاتێكدا كە لە ڕۆژانی مانگی رەمەزاندا خاكی عێراق لە ئاسایش و باوەڕ چێژی وەردەگرت، گروپە "لەیاسا دەرچوەكان لەڕێگەی شانە تیرۆرستیەكانەوە هەوڵ دەدەن ئەو ڕۆژە پیرۆزانە تێك بدەن".

بەپێی راگەیەنراوەكە "ئێوارەی ئەمڕۆ لەڕێگەی سێ موشەكی جۆری كاتیۆشاوە تۆپبارانی ناحیەی خەبات لەپارێزگای هەولێر كرا كە لە چەند ناوچەیەكی چۆڵ و كشتوكاڵی نزیك كۆمەڵگەی گەورگۆسك و زێی گەورەی زاب و پاڵاوگەی گەورگۆسك كەوتنەخوارەوە، هیچ زیانێكی گیانی و ماددیان لێنەكەوتوەتەوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە "دەركەوت كە ئەم موشەكانە لە دوڕیانی حەمدانیەوە ئاراستە كراون، لەلایەن خۆیانەوە دەزگا ئەمنییەكان، ئۆپەراسیۆنێكی گەڕان و پشكنینیان بەدوای ئەو شانە تیرۆرستیانە دەستپێكردوە كە ئەم كردەوە تیرۆرستیەیان ئەنجامداوە، هەروەها دەزگا ئەمنییەكان كاریش بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی كە بەرپرسن لە تێكدانی ئاسایش رەوانەی دادگا بكرێن بۆ وەرگرتنی سزای تاوانەكانیان".





PM:11:22:06/04/2022