پەرلەمانتارێك: لەسەر خراپ بەكارهێنانی پۆست بۆ ئیستیغلالی ئەخلاقی، ناوو بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە


ئاشنا عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "هەر كەسێك مامۆستا ئەبوبەكر هەڵەدنی بناسێت و ڕۆژێك كاری لەگەڵ كردبێت باش دەزانێ چەند بەدڵسۆزی ئەركی نوێنەرایەتی كردنی جێبەجێكردوە و بەو پەڕی بەرپرسیاریەتیەوە مامەڵەی كردوە".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە پەرلەمانتارین و ڕۆژانە هاوڵاتیان پەیوەندیمان پێوە دەكەن و ناڕەزایەتیەكانمان پێدەگات؛ لە ناویاندا پەیوەست بە گەندەڵی ئەخلاقی و خراپ بەكارهێنانی پۆست و پلە بە مەبەستی ئیستیغلال كردنی بەرانبەرەكانیان".

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "لەبەر رەچاوكردنی ئارامی كۆمەڵگە و تێكنەچونی دەرونی هاوڵاتیان و  هەڵنەوەشانەوەی خێزان، ڕێگەمان بە خۆمان نەداوە ووشەیەكی لەسەر بڵێن؛ لەگەڵ ئەوەی ناو و بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە، بەڵام ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەم كەیسانە نە بەتەنها لەلای ئێمە وەك نوێنەری هاوڵاتیان بەڵكو لەلایەن كەسانی دیكەوە گەیەنراوەتە وەزیر و وەزارەتی تایبەتمەند، بەڵام نەك هەر كاری لەسەر نەكراوە، بەڵكو كەسانی گەندەڵكار قیت و قنج لەپۆستی خۆیان بەردەوامن و كەسیش پێی نەوتون بەری چاوتان كلی پێوەیە".

لەچەند رۆژی رابردوودا ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "پزیشكێك دەستدرێژی سێكسی كردۆتە سەر پێنج ژن" ئەوەش كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.




PM:09:05:09/04/2022