دژی هێرشی توركیا بۆ هەرێم، خۆپیشاندان لە سلێمانی كرا


ئەمشەو لە شاری سلێمانی دژی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان، خۆپیشاندان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا.

ئەمشەو لە شەقامی سەهۆڵەكەی سلێمانی دەستەی دەستپێشخەریی باشووری كوردستان دژی هێرشی چەند رۆژی رابردووی توركیا بۆ سەر هەرێم، خۆپیشاندانێكیان ڕێكخست، نەورۆز فازڵ، ئەندامی دەستەی دەستپێشخەریی باشووری كوردستان راگەیەنراوی خۆپیشاندانی خوێندەوە و رایگەیاند "هێزەكانی توركیا بە فڕۆكە و هێزە پیادەكانی، بە چەكی كوشندە و ڕێگەپێنەدراوەكانی، پەلاماری ناوچەكانی زاپ، ئاڤاشین و چیای كۆڕەژارۆی لە ئامێدی و شیلادزێ داوە، چونكە تاكە پارێزەری ئەم نیشتمانە پەكەكەیە، لە هەمان كاتدا، هەزاران سەربازی بە هەماهەنگیی پەدەكە و چەتەكانی نووسرە لە ناوچەكانی ئامێدی و شیلادزێ بڵاوەپێكردووە، بۆ سەركووتكردن و بێدەنگكردنی خەڵكی ناوچەكە".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەكردبوو "بانگەواز دەكەین لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هاوكاریی و دەستتێكەڵكردنی دژ بە شۆڕشی گەلەكەمان و دەستكەوتەكانی باشووری كوردستان بوەستێنن، لە بەرەی گەلی خۆتاندا بەیەكڕیزیی و پێكەوەیی لە چوارچێوەی یەكێتیی كوردا بن".



PM:10:51:20/04/2022