زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی چوار ڕاگەیەندرا

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران چاوەڕوانی راپۆرتی وەزارەتی دارایین". 

جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" (٨٨%)ى پارەى پێویست بەردەستە بۆ دابەشکردنی موچە، چاوەڕوانى وەزارەتى دارایی دەکەین راپۆرتێکمان پێبدات لەبارەى دۆخى دارایی هەرێم هەرکاتێک پارە لەبەردەست بوو موچە دابەشدەکرێت".  

هاوکات لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا جوتیارعادل لەبارەى هێلکەبارانکردنى ئۆتۆمبێلەکەى مەسرور بارزانى وتى" ئەوانە ناتوانین بڵێین هەموویان کوردانى تاراوگەن و نازانین کێن، بەڵام ئەوە کاریگەرییمان لێناکات بە قەت قاچى مێروولەیەک و ئێمە بەردەوام دەبین لە سیاسەتەکانى خۆمان". 

هەروەها دەربارەی لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم بە ڕۆژنامەنووسانی وت" من دەپرسم پەکەکە چی دەکات لەو ناوچانە".

سەبارەت بە گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق وتەبێژی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، سەردان و گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێم بەردەوامی دەبێت بۆ بەغداد بەمەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن.



PM:01:35:22/04/2022