ئامادەكاری بۆ دۆخی كارەبا لە وەرزی هاوین دەكرێت


حكومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی ئامادەكارییە بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا بۆ ئەو مەبەستەش چەند وەزارەتێكی راسپاردووە.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی هەرێم، بڕگەیەكی كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بەخستنەڕووی بارودۆخی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لەڕووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەكان و پێشنیارەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ باشتركردنی خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانی كارەبا بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وەرزی هاوین.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەلایەن كەمال ساڵح وەزیری كارەبا ڕاپۆرتێك خرایەڕوو كە تێیدا كۆی كارەبای بەرهەمهاتوو بە مێگاوات لە وێستگەكانی بەرهەمهێنان و دابەشكردن لەسەر شارەكان و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان و پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری كارەبا ڕوونكردەوە. 

وەك راگەیەنراوەكە باسیكردووە، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی سامانەسروشتیەكان، پلاندانان، دارایی و ئابووری و كشتوكاڵ وسەرچاوەكانی ئاوی ڕاسپارد كە هەماهەنگیی پێویست بكەن لەگەڵ وەزارەتی كارەبا بۆ پەرەپێدان و باشتركردنی خزمەتگوزاریی كارەبا.



PM:07:29:27/04/2022