"كشانەوەی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل لە كوردستان پێشهاتێكی خراپە لە بواری نەوت"


كۆمپانیایەكی تایبەت بە  بەرهەمهێنانی نەوت رایدەگەیەنێت، كشانەوەی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل تایبەت بە دەرهێنانی نەوت لە كوردستان، پێشهاتێكی خراپە لە كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان.

رێكخراوی دۆر، بۆ زانیاری نەوتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "دواپیشهاتی خراپ لەبارەی مەلەفی نەوتەوە، كشانەوەی گەورە كۆمپانیای ئەمریكی ئیكسۆن مۆبیل بو بەنهێنی لەكوردستان، پیشانی دەدات، یەكێك لەزلهێزترین كۆمپانیا نەوتیەكانی جیهان دڵخۆش نیە بە وەبەرهێنانی ڕیسكدار لەكەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان".

دۆر ئاماژەی بەوەكردووە "چۆن هاتنی ئیكسۆن كاریگەری مەعنەوی گەورەی هەبوو لەسەر دروستبوونی خواستی وەبەرهێنانی نەوتی لە هەرێمی كوردستان، ئاواش پێچانەوەی جانتاكەی خواستەكە توشی لاوازی و ترس و دڵەڕاوكێ دەكات".  

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "هەرێمی كوردستان واز لەخۆسەری لەپرسی هەناردەی نەوت و وەبەرهێنان لەغازی سروستی بهێنێت و لەگەڵ عێراق بگاتە ڕێكەوتنێكی دادپەروەرانە، چونكە كشانەوەی ئیكسۆن مەعنەویەن پیشانی دەدات خواستی جیهانی ئەوەیە هەرێم لەگەڵ عێراق ڕێكەوتن بكات، چەمكی وەبەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و غازی "ریسكدار" كۆتایی هاتوە، بەپێچەوانەوە، بەردەوامی ئەم دۆخە واتا "خۆسەری لەكەرتی نەوت و غاز" دەرئەنجامەكانی بەزیانی گەورە بۆ سەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم و كۆی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە، زیانە دارایی و سیاسیەكانی كاریگەری گەورەی مێژویی لەسەر هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت.  

كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلی ئەمریكی تایبەت بە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم، لەسەر داوای حكومەتی عێراق و ئەمریكا هەرێمی بەشێوەیەكی نهێنی جێهێشتووە.



PM:04:57:30/04/2022