بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە جارێکی دیکە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانیان دەستپێکردەوە، هاوکات دەرگاکانی زانکۆیان داخست و رێگری لە چوونە ژوورەوەی خوێندکارانیش دەکەن.
پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی ڕاگەیاندین" بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەک مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە و دەرگاکانی زانکۆیان داخستووە و رێگری دەکەن خوێندکارانیش بچنە ناو زانکۆ".
وتیشی" لە ئێستادا مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان چوونەتە سەر شەقامی سەرەكی بەردەم زانكۆكە و هاتوچۆی نێوان (سلێمانی- هەولێر و كەركوك)یان داخستووە ڕێگە بە هاتووچۆکردنی شۆفێران نادەن".
هەرچەندە حکومەتی هەرێم لە ئێستادا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی دەستپێکردوە، بەڵام فەرمانبەرانی هەریەک لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و رۆشنبیری، هەروەها خانەنشینانی پێشمەرگە لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری مووچەی مانگی (سێ)یان وەرنەگرتووە.