بارزانی سەردانی بەرەیەکی شەڕی لەکەرکوک کرد کە زۆرینەی هێزەکەی‌و ئیدارەکەی پارتییە

‌فۆتۆ: ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم
بارزانی ئەمرۆ بەبۆنەی جەژنەوە سەردانی هێزی پێشمەرگەی کرد لەناوچەی دوبز، زۆرینەی ئەو ‌‌‌هێزەی ئەو سەردانی کردووە و ئیدارەی ئەو ناوچەیەش سەربە پارتی دیموکراتی کوردستانن.
ئەمرۆ ٢٨ ی تەموز بارزانی سەرۆکی هەرێمی (ماوە بۆ درێژکراو) بەبۆنەی جەژنەوە سەردانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە دوبز کرد، سەرچاوەیەکی ئاگادار بەسپی میدیای راگەیاند "سەردانەکەی بارزانی بۆ میحوەری کەرکوک و بەتایبەتی ئەو هێزەی کە بارزانی سەردانی کردووە راستە هێزێکی هاوبەشە، بەڵام فەرماندەکەی پارتیە".
سەرچاوەکەی سپی ئەوەشی روونکردەوە کە ئیدارەی ئەو ناوچەیە و یەکە ئیدارییەکانی زیاتر بەدەست پارتیەوەیە.
سەبارەت بەهەڵبژاردنی ئەم میحوەرە لەلایەن تاقمی ئەمنی بارزانیەوە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی " لەباری ئەمنی و ئاسایشەوە ئەو شوێنە زیاتر زامنی باری ئەمنی سەردانەکەی بارزانی دەکات".
بارزانی لەسەردانەکەیدا وەک لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی بڵاوکراوەتەوە،"بە ئەركی خۆم زانیوە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا سەردانتان بكەم و سوپاستان بكەم و لەجیاتی هەموو خەڵكی كوردستان جەژنەپیرۆزەتان لێ بكەم".
 بارزانی باسی ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێشمەرگە ئێستا مێژوو دروست دەكات و ئاییندەیش بۆ گەلەكەی بنیات دەنێت و ئەوەیش شەرفێكی گەورەیە و وتی: " ئێوە خۆتان فیدا دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئازادی و سەربەستی بژیێت". 
بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی ماندووبوون و قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد كە ئەو زەحمەت و قارەمانییەتییە وادەكات نەوەكانی داهاتوو بە ئازادی و سەربەستی بژیین و ڕایگەیاند كە "پێشمەرگە ئامادەیە لەپێناو دۆزێكی ڕەوادا ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە و ئەوە شكست و فەشەلهێنانە بە هەموو هەوڵێك كە پێیوایە كورد بڕوای بەخۆی نییە. ئەركی پێشمەرگە ئەركێكی پیرۆزە و گەلی كوردستانیش گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش و سەركەوتنی یەكجارەكیش نزیكە. 
ئەو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە كە حەزی دەكرد سەردانی هەموو میحوەرەكان و سەنگەر بە سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگەی كردبا و دووپاتی ئەوەیشی كردەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی پێشمەرگەن و ئەوەی لە توانایان بێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیكەن.





PM:11:22:28/07/2014