ئەمەریكا بڕیاری دەستبەسەرا گرتنی نەوتی هەرێمی دەركرد
لەسەرداوای حكومەتی عێراق، دادگای ویلایەتی تەكساسی ئەمەریكا بڕیاری دەست بەسەراگرتنی ئەو كەشتیەی راگەیاند كە نەوتی هەرێمی كوردستانی پێیە.
بەپێی هەوالێكی ماڵپەری ئابوریی بلومبێرگ حكومەتی عێراق لە داوایەكدا، كە ئاراستەی دادگای هیوستنی ویلایەتی تێكساسی كردووە، بە دادوەری ئەو دادگایەیان وتووە، كە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق لە رێگەی بۆرییەكی توركییەوە بە خراپی بەكارهێنراوە.
ئەو بڕیارەی دادگا تەنیا مۆڵەت دەدات بە پۆلیسی پاراستنی بەندەری گالڤستۆن، كە نەوتەكە بە كەشتی بچووكتر بگوازێتەوە بۆ كۆگاكانی هەڵگرتنی نەوت و وەزارەتی نەوتی عێراقیش پارەی گواستنەوە لە ئەستۆ دەگرێت.
پێشتریش حكومەتی عێراق لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، سكاڵایەكی ئاراستەی دادگای فیدراڵی عێراق كردبوو، بەڵام دادگای فیدراڵی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەیاسایی لەقەڵەم دا.
كەشتی نەوتی یونایتد كالاڤرڤتا، 23ـی مانگی حوزەیران بەندەری جەیهانی تورکی بە جێهێشت و بڕی 1 ملیۆن و 32 هەزار و 212 بەرمیل نەوتی پێیە و چەندین جار ئاراستەی گۆڕیوە، تا ئەوەی لە كۆتاییدا بەرەوە ئاوەكانی باشووری ئەمریكا بەڕێكەوت و رۆژی یەكشەممەی رابردوو گەیشتە بەندەری گالڤستۆن.
PM:12:47:29/07/2014