ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان لەسەر هەڵبژاردن


سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و فراكسیۆنەكان رێككەوتوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ حیزبەكانیان تاوتوێی بكەن.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی هاوبەشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، بە سەرپەرشتی د. ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، و بە ئامادەبوونی د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، و مونا نەبی قەهوەچی، سكرتێری پەرلەمان، لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو.  

بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ كرا لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان، و كاری لەپێشینەی پەرلەمانیش ئەو یاداشتانەی لەسەر پرسە جیاجیاكانە و لەلایەن پەرلەمانتارانەوە ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە جێبەجێ بكرێت.

هەروەها كار لەسەر ئەو پڕۆژە و پێشنیازە یاسایانە بكرێت كە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمیان بۆ كراوە، هاوكات بەمەبەستی سازان لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، فڕاكسیۆنەكان بڕیاریاندا بە هەماهەنگی لەگەڵ حیزبەكانیان تاوتوێی ئەو بابەتانە بكەن بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆیان.  



PM:09:05:25/05/2022