بافڵ تاڵەبانی کە سەرەتا نێچیرڤان بارزانی هەفتەی پێشوو بە سەرۆک ناوزەدی کرد و، ئەمڕۆش قوباد تاڵەبانی بە هەمان نازناو ناوی هێنا، وتی " ناگەرێینەوە بۆ پێش ٨ ی تەموز"، بەم قسەیەش ئەمڕۆ دیداری یەکێتی کۆتایی بەسەردەمی هاوسەرۆکی هێنا.
ئەمڕۆ٢٨ ی ئایار لە دیداری یەکێتی لە سلێمانی کە لە ژێر دروشمی "نوێبوونەوە و چاکسازی” دەستیپێکردو چوار ڕۆژ دەخایەنێت، سەرەتا بە وتەیەکی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دەستی پێکرد و دواتر بافڵ تاڵەبانی رووبەڕووی چەند پرسیارێک لەسەر دۆخی یەکێتی و کوردستان و عێراق کرایەوە، دواتریش وتار درا بە کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی.
بافڵ تاڵەبانی کە لەو دیدارەدا بە سەرۆک ناوزەد کرا لەبارەی دیدارەکەوە، وتی " پێویستیان بە دیدارێکی لەمجۆرە هەبووە، لەبەرئەوەی ماوەیەکی زۆرە پرسیاری قورسیان لە خۆیان نەکردووە سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، عێراق و سەرجەم پارچەکانی دیکەی کوردستان".
لەبارەی گەنجانەوە رایگەیاند" زیاتر لە ٣١ سەعات و نیو لەگەڵ گەنجەكانی كوردستان كۆبوونەوەم كردوە كە بۆ خۆپیشیاندان دەكەن، دواتر پرسیاری ئەوەم لێكردن بۆ تائێستا خۆپیشاندانتان نەكردوە، كاتێكیش لەگەڵ نوێنەری خوێندكارانی خۆپیشاندەری زانكۆو پەیمانگاكان كۆبوومەوە شەرمم دەكرد كە لەحكومەتێكین كە ئەو خوێندكارانە بەو شێوەی پشتگوێ بخات".
بافڵ جەلال لەبەشێكی تری گفتوگۆكەیدا لەبارەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنەوە وتی" هەموو خەڵكی كوردستان و حزبەكان، رەنگە حزبێك یان دوو حزب بەجۆری حكومڕان رازای نەبن، وەك یەكێتی ئەمڕۆ سیاسەتی خۆمان هەیە، پاشكۆی هیچ لایەن و حزبێك نابین، هاوڕێكانمان بەجێناهێڵین و لەگەڵ لایەنەكان كۆبوونەوەمان كردوە بەپارتی دیموركاتی كوردستانیشەوە، زۆرینەی لایەنەكان بۆچونیان وەك ئێمەیەك.
راشیگەیاند: پێویستە چەترێكی وا دروستبكەین و كارێكی وای بۆ بكەین كە لەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری راستەقینە لەحكومڕانی كوردستان بكەین".
لەبارەی كۆبوونەوەی لایەنەكانی هەرێم لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكانیش بافڵ تاڵەبانی وتی" نەتەوەیەكگرتوەكان نیگەرانە لەوەی لایەنە كوردییەكان پێكەوەنین، ئەوەی تێگەیشتم بەبیانوی هەڵبژاردن ئێمەیان كۆكردەوە، جا بزانە ئەوە چەند خراپە، پێویسشتمان بەوەی نەتەوەیەكگرتوەكان كۆمان بكاتەونە، لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسمان كرد كۆمسیۆن و بازنەكان و یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسیەكان و كەمایەتی و كۆتاكان بوو، راستە یەكەم كۆبوونەوە بوو، بەڵام دوا كۆبوونەوەش نابێت و ٩ ی حوزەیران كۆبوونەوەیەكی تر دەكرێت، ئامانجمانە ئەوەی بۆچونەكان نزیك ببنەوەو تا گۆڕانكاری جدی لەكۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بكەین و لەهەڵبژاردن باڵانسی هێز راستبكەینەوە".
لەبارەی مانەوە، یان هاتنە دەرەوەی یەکێتی لە کابینەی مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی وتی" ئێمە گلەییمان هەیە لە حکومەت،بەڵام لە ژوورەوە لەناو حکومەتدا دەتوانین شتەکان چاکبکەین، لەدەرەوە ناتوانین"، هەروەها داوا لە گەنجان دەکات بچنە ناو ریزەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانەوە.
" لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کاندیدمان بۆ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی هەرێم دەبێت" ( بافڵ تاڵەبانی ).
سەرۆکی یەکێتی بە ناراستەوخۆ وەڵامی هاوپەیمانی پارتی لەگەڵ سەدرو حەلبوسی دەداتەوەو دەڵێت" وەک یەکێتی پێمان وایە هەڵەیەکی ستراتیژییە ببین بە بەشێک لە کێشەی نێوان برا شیعەکان"، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەو رێککەوتنە هیچی تیا نییە بۆ کورد.
قوباد تاڵەبانی کە سەرپەرشتیاری دیدارەکە بوو لەسەرەتای کۆردنەوەی دیدارەکەدا وتی، "ئەوەی دەمانەوێ لە دیداری یەکێتی بیکەین تەواوکردنی کارەکانی کۆنگرەیە." دەشڵێت، "بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی توانیمان ئارامی بۆ نێو حیزب بگەرێنینەوە."
قوباد تاڵەبانی لەبارەی رووداوەکانی دوای کۆنگرەی یەکێتی کە لەنێوخۆی حیزبەکەدا روویاندا، ئاماژەی بەوە کرد، "لە دوای کۆنگرە هەوڵدرا سەرۆکی حیزبەکەمان بکوژرێت."
لەبارەی ئامانجەکانی دیدارەکە و ئەوەی پێویستە بیکەن، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "پێویستە داڕشتنێکی راستگۆیانە بۆ سیاسەتی حیزبەکەمان بکەین."