هەولێر.. ژنێک کاتژمێر پێنجی بەیانی دەچێتە ماڵێک بۆ دزی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵی بە تۆمەتی دزیکردن راگەیاند، کە کاتژمێر ٥ی بەیانی چووەتە سەر ماڵێک و دزی لێکردوون، بەمەش بووەتە یەکەم حاڵەتی دزیکردن کە ژنێک کاتژمێر ٥ی بەیانی ئەنجامیدابێت.

 

ئەمڕۆ ٣١ی ئایار، سێشەممە، هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد " دوای ئەوەی کەسێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، سکاڵای یاسایی تۆمارکرد بە پاساوی ئەوەی دزی لە ماڵەکەی کراوە، دەستبەجێ بەدواداچوونێکی چڕمان بۆ بابەتەکە دەستپێکرد و دەرکەوت، کەسێک کاتژمێر ٥ی بەیانی چووەتە سەر ماڵی ئەو کەسەی بڕێک پارەی دزیووە، کە بە وتەی خاوەن ماڵەکە بڕی شەش هەزار و ٣٠٠ دۆلار و دوو مۆبایلی دزیووە".

 

باسی ئەوەیکرد، ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، ژنێکە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٥ە، کە ئەمەش یەکەم حاڵەتی لەمشێوەیەیە لە شاری هەولێر تۆمارکرابێت، کە ژنێک کاتژمێر ٥ی بەیانی چووبێتە سەر ماڵێک و دزی کردبێت، هەروەها، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە ئەو ژنەی چووەتە سەر ماڵەکە، ناسیاوی لەگەڵ خاوەن ماڵەکە هەبووە و ناسیاوی یەکتربوون".

 

ئەو وتەبێژە روونیشیکردەوە " لەئێستادا تۆمەتبارەکە دراوەتە دادگا و بەپێی ماددەی ٤٤٣ لە یاسایی سزادانی عێراقی بەندکراوە، لێکۆڵینەوەکانیش لەگەڵیدا بەردەوامە".

 

 




PM:04:44:31/05/2022