زانیاری نوێ له‌باره‌ی داهاتی هه‌رێم بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاشكراکرا

ئەندامێکی لیژنەی‌ دارایی‌ لە پەرلەمانی‌ کوردستان ڕایدەگەیەنێت" پارەی‌ موچە و نیوێك لەبەردەستە، کەچی‌ وەزارەتی‌ دارایی‌ موچەی‌ مانگی‌ پێنج لە ماوەی‌ ٢١ ڕۆژ دابەش دەکات". 

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" هەرێمی کوردستان بۆ هەر مانگێک، بەبێ (٢٠٠ ملیار) دینارەکەی‌ بەغدا، نزیکەى ترلیۆنێک و ٢١٠ ملیار دینار داهاتی هەیە". 
ڕوونیکردووەتەوە، نزیکەى ٨٨٠ ملیار لە نەوتەوە، ١٥٠ ملیار دینار لە گومرگ، ٥٠ ملیار دینار لە باج، ١٠٠ ملیار دینار لە ڕسومات، ٣١ ملیار دینار لە هاوکاری‌ هاوپەیمانان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، خەرجیی بۆ هەر مانگێک بە نزیکەیی‌ بریتیە لە ترلیۆنێک و ١٥٠ ملیار، بەمجۆرە: (٩٠٢ ملیار دینار بۆ مووچە، نزیکەی‌ ١٠٠ تا  ملیار١٥٠ دینار بۆ خەرجی‌ وەزارەتەکان‌ و خزمەتگوزاریی‌)، پڕۆژەش زۆرینەی‌ وەستاوە یان ئەوەی‌ کار دەکات لە زیادەی‌ تێچووی‌ خەرجی‌ مووچەو خزمەتگوزاریی‌ دەدرێت.  

عومەر گوڵپی ئاشکراشیکردووە، بۆ مانگی‌ پێنج داهاتی‌ حکومەت بەمجۆرەیە:  

ـ بڕی‌ (٣٣١ ملیار دینار) لە داهاتی‌ ناوخۆی‌ مانگی‌ پێشوو، چونکە بەهۆی‌ (٢٠٠ ملیار) دینارەکەی‌ بەغداوە، داهاتی‌ ناوخۆ بۆ مووچەی‌ مانگی‌ چوار بەکارنەهات.  

ـ لە داهاتی‌ نەوتی‌ مانگی‌ (٥) بڕی‌ نزیکەى (٨٥٠ تا ٨٨٠) ملیار دینار لەبەردەستە.  

ـ لە داهاتی‌ ناوخۆی‌ مانگی‌ (٥) بڕی‌ (٣٣١ ملیار دینار) لەبەردەستە.  

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، واتە لەئێستادا نزیکەی ترلیۆنێک و ٥١٢ ملیار دینار لەبەردەست وەزارەتی‌ داراییە، بەمجۆرە پارەی‌ پێویست بۆ دابەشکردنی‌ مووچە بە هەفتەیەک لە بەردەستە و دەبوو حکومەت پابەندی‌ بەڵێنەکەی‌ بێت‌ و لەماوەی‌ هەفتەیەک مووچە دابەش بکات، نەوەک بەمجۆرەی‌ ئێستا مووچەی‌ مانگی‌ پێنج بگەیەنێتە ڕۆژی‌ (٢٦)ی‌ مانگی‌ (٦) کە دەبوو لەو بەروارە مووچەی‌ مانگی‌ (٦) دەست پێبکات. 



PM:06:10:04/06/2022