بارەگای بارزانی لە بارەی هێرشە درۆنیەکەی دوێنێ شەوی سەر هەولێر، دوای زیاتر لە ئیدانەکردن دەکات و دەڵێت" لە ڕاستیدا تەنیا دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەكردن چارەسەر نییە".
لەو راگەیاندنەدا کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، بارەگای بارزانی چارەسەر لەوەدا دەبینێتەوە کە پێویست دەكات هەنگاوی كردەیی بنرێت و زۆر بە جیدی كار بۆ ئەوە بكرێت كە كۆتایی بەم كردەوە نامرۆڤانە و نایاسایی و ناڕەوایانە بهێندرێت كە بێ باكانە لەدژی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت.
دەقی راگەیێنراوەکە بارەگای بارزانی
ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە
وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی پەلامارە ترسنۆكانە و تیرۆریستییەكەی دوێنێ شەو بۆ سەر هەولێر دەكەین، ڕاشیدەگەیێنین ئەو دەستانە ناسراو و ئاشكران كە لە پشتەوەی ئەو پەلامارە تیرۆریستیە و پەلامار و دەستدرێژییەكانی پێشووتردان و، مەبەست و ئامانجی ئەو كارە ناڕەوایەشیان زۆر بە ڕوونی دیارە.
پێزانیمان بۆ هەڵوێست و ناڕەزایەتیی لایەنەكان و ئیدانەكردنەكانیان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئیدانەكردن چارەسەر نیە. بەڵكو پێویست دەكات هەنگاوی كردەیی بنرێت و زۆر بە جیدی كار بۆ ئەوە بكرێت كە كۆتایی بەم كردەوە نامرۆڤانە و نایاسایی و ناڕەوایانە بهێندرێت كە بێ باكانە لەدژی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر ئەنجام دەدرێت.
بارەگای بارزانی
9ـی حوزەیرانی 2022