سلێمانی.. ئاسایش تۆمەتبارێكی كوشت


ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هێزەكانی هەوڵیان داوە تۆمەتبارێك دەستگیر بكەن، بەڵام تۆمەتبارەكە رووبەڕوویان بۆتەوە و لەئەنجامی بەرپەرچدانەوەدا كوژراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە "لەدرێژەی هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی تاوانكاران و هەڵهاتوان لە یاسا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھێزەكانی ئاسایش لەسەر فەرمانی دادوەر لەگوندی وێڵەیەر نزیك شاری سلێمانی هەستان بەئەركی جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی هەڵهاتوو بەناوی ( ك ،ص،أ) كە داواكراو بوو بەپێی ماددەی ( ٤٠٥ / ٣١ ) لەیاسای سزادان".

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "پێشتر چەندینجار ئەو تۆمەتبارە لەهەوڵی دەستگیركردنیدا تەقەی لەهێزە ئەمنیەكان كردووە و هەڵهاتووە، ئەمجارەش لەهەوڵی دەستگیركردنیدا  بەچەك ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش بوویەوەو لەئەنجامی  بەرپەرچدانەوەدا تۆمەتبارەكە كوژرا".

ئەمڕۆش ئاسایشی سلێمانی بڵاویكردەوە، لە كاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەبتارێكی ماددەی هۆشبەر، كارمەندێكی ئاسایش كوژراوە.




PM:09:57:11/06/2022