پۆلیسی هەولێر تۆماركردنی ٢٢ تاوانی كوشتن، دەستگیركردنی نزیكەی پێنج هەزار تۆمەتباری لە شەش مانگدا راگەیاند، لەگەڵ روودانی سێ هەزار و ٣٧٥ تاوانی جۆراوجۆر.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە ٣-٧-٢٠٢٢ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند "لە شەش مانگی ئەمساڵدا ٣ هەزار و ٣٧٥ تاوانی جیاجیا، تۆماركراون، ٢ هەزار و ٩٦١ تاوان ئاشكرا كراون و تۆمەتباران دراونەتە دادگا".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "هەروەها ٤ هەزار و ٧٧٧ تۆمەتبار دەستگیركراون لەسەرجەم تاوانەكانی كوشتن، دزی، ساختەكاری، ماددەی هۆشبەر و تاوانی دیكە".
هەر بەپێی ئامارەكە، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، لە سنووری پارێزگای هەولێر ٢٢ تاوانی كوشتن تۆمار كراون و ١٨یان ئاشكراكراوە و ٤١ تۆمەتبار دەستگیركراون بە تاوانی كوشتن، هەروەها ٢٤ حاڵەتی تەقەكردن تۆمار كراون و سەرجەم تەقەكەرانیش دەستبەسەركراون.