"مووچەی ١٣ هەزار مووچەخۆر بڕدرا"

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێـت" لە بڕینی مووچەی نایاسایی و دوو مووچەیی و ئەوانەی مافی مووچەیان نەماوە، مانگانە بڕی سێ ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە". 

عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" ١٣ هەزار كەس لە وەزارەتی شەهیدان مووچەیان بڕدراوە، چوار هەزار و ١٨٩ كەسیش دوو مووچەییان هەبوو، مووچەیان بڕدراوە، هەروەها دوو هەزار وارسی خانەنشینانیش، كە مافی مووچەوەرگرتنیان نەماوە، مووچەكانیان بڕدراوە".

وتیشی" لە بڕینی مووچەی نایاسایی و دوو مووچەی و ئەوانەی مافی مووچەیان نەماوە، مانگانە بڕی سێ ملیار دینار بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێندرێتەوە و بەپێی یاسای چاكسازی، چوار هەزار و ١٨٩ كەس دەستنیشان كراون، كە دوو مووچەیان هەیە، مووچەیەكیان دەبڕێت، هەر كەسێك لەوانە لە ١ی ٧ی ٢٠٢٠ تاوەكک ئەوكاتەی مووچەكەی راگیراوە، بەپێی یاسای چاكسازی، مووچەكانی لێوەردەگیرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی ئەو كەسانە لە دوو شوێن مووچەیان هەبووە، لە یەكیاندا فەسڵ كراون و مووچەكەی دیكەیان بەردەوامە، بۆیە مانگانە یەك لەسەر پێنجی مووچەكەیان لە مووچەی بەردەوامیان دەگێڕدرێتەوە، تاوەكو ئەو بڕە مووچەی وەریگرتووە بە تەواوی پاكتاو دەكرێت، بەڵام ئەو ١٣ هەزار كەسەی وەزارەتی شەهیدان و ئەو دوو هەزار كەسەی وارسی خانەنشینان، مووچەیان بە یەكجاری بڕدراوە. 



PM:03:01:17/07/2022