یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" لەم مانگەدا دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکاتەوە".
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" وەزارەتی دارایی ئامادەکاری خۆی کردووە و لیستی مووچە ئامادەیە، مووچە لە وادەی خۆی و لەم مانگەدا دەدرێت، ڕۆژی ٢٥ی مانگ، یان یەك دوو ڕۆژ دواتر، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت''.
ڕێباز حەملان باسی لەوەشکرد، حکوومەت پێشینەی خۆی بۆ مووچە تەرخان کردووە بە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ، دابەشکردنی مووچە بەردەوامی پێ دەدرێت.
یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ئەمساڵ تەنها دوو جار بەغداد (٢٠٠) ملیار دیناری ناردووە، ئەگەر (٢٠٠) ملیارەکە بێت، یان نەیات، ئێمە مووچەی خۆمان دەدەین و مووچە دابەشکردن بەردەوام دەبێت.