نێچیرڤان بارزانی: بەردەوامی شەڕ و پێكدادانی توركیا و چەكدارانی پەكەكه ڕەتكراوە و قبوڵنەكراوە


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت،  بەردەوامیی شەڕ و پێكدادانی سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكه لە سنوورەكان‌، بە تەواوی ڕەتكراوە و قبوڵنەكراوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "زۆر بە توندی سەركۆنەی تاوانی بۆمبارانكردنی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ دەكەین كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك هاوڵاتی و گەشتیاری سڤیلی ناوچە جیاكانی عیراق و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكەیان". 
 
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە "دووبارەبوونەوەی بۆمباران و بەردەوامیی شەڕ و پێكدادانی سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكه لە سنوورەكان‌، بە تەواوی ڕەتكراوە و قبوڵنەكراوە و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و سنووری نێودەوڵەتیی عیراقی شێواندووە، هەروەها بووەتە هۆی چۆڵكردنی سەتان گوند و دێهاتی ناوچەكە".
 
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكە دەبێت شەڕ و پێكدادان ڕابگرن و چیتر نەبنە هۆكاری كوشتن و وێرانكاری لە ناوچە سنوورییەكان و شەڕ و بەڵای خۆیان لە یەخەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەنەوە. حكومەتی فیدراڵی عیراقیش دەبێت هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە و لە خاكی عێراقەوە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەكرێت".




PM:08:10:20/07/2022