سەرۆكایەتی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم داوای قەدەغەكردنی سەرجەم ئەو پێگە و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییانە دەكات كە بەكارهێنانیان گرفتی كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە و شیرازەی خێزان دەشێوێنن.
كاوە فەتحی، سەرۆكی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان، سەردانی ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد و داواكاری گشتی داوای لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن كرد تۆڕەكانی گەیاندن و پەیوەندیكردن پابەندبكات بە قەدەغەكردنی سەرجەم ئەو پێگە و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنی و سایتانەی كە بابەت و ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاو بڵاودەكەنەوە و هانی قوماركردن و ئەو یارییە ئەلیكترۆنییانە دەدەن كە دەكەوێتە چوارچێوەی قوماركردنەوە و بوونەتە هۆكاری تێكدانی شیرازەی خێزان و چەندین گرفتی كۆمەڵایەتی لێ كەوتۆتەوە.
هەروەها قەدەغەكردنی ئەو ئامرازە پەیوەندییانەی كە رێگە بۆ دیاردەی لەشفرۆشی خۆش دەكات و هەموو ئەو هۆكارانەی كاریگەری لەسەر توێژی گەنجان دروستكردووە.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیاركرا سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن و پەیوەندیكردن هاوشێوەی تۆڕەكانی پەیوەندیكردنی (كۆڕەك تیلیكۆم) و (فاست لینك) پاكێجی خێزانی فەراهەم بكەن كە رێگری لە منداڵان و نەوجەوانانی خوار تەمەنی بالغ بوون دەكات پێگە و ماڵپەڕە نەشیاوەكان سەیربكەن.
لە بەرامبەردا ئانۆ جەوهەر، دووپاتیكردەوە كە لە رێگەی نووسراوێكەوە سەرجەم كۆمپانیاكانی بواری گەیاندن و پەیوەندیكردن ئاگادار دەكەنەوە كەوا پاكێجی خێزان پەیڕەوبكەن ئەمەش لە پێناو پاراستنی منداڵ و كەسانی هەرزەكار لە سەیركردنی ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان و بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییە نەشیاوەكان كە لە ماوەی رابردوودا چەندین گرفتی خێزانی لێكەوتۆتەوە.