لەبارەی بڕوانامە و پلە بەرزكردنەوەی بەشێکی زۆری فەرمانبەران ڕوونکردنەوە دەدرێت

بەرپرسێکی باڵای حکوومەت ڕوونکردنەوە لەبارەی هەموارکردنی بڕوانامەی فەرمانبەران و پلەبەرزکردنەوە دەدات و دەڵێت" ئەو فەرمانبەرانەی بڕوانامەیان هێناوه و پێشتر ڕەزامەندی و فەرمانی وزارییان هەیە، هەمواری بڕوانامەیان بۆ کراوە و کێشەیان نییە و بەردەوامیشە". 

ساناو فەرەیدوون جوانڕۆی سەرۆكی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" بڕیارەکە مەبەست ئەو  بڕوانامانەیە، کە بە موڵەتی خوێندن وەرگیراون، ئەو بڕوانامەی بەبێ موڵەتی خوێندن بەدەست هاتبێ، بۆ هیچ مەبەستێک هەژمار ناکرێت".

وتیشی" بۆ نموونە، ئەگەر فەرمانبەرێک لە پلەی وەزیفی (٨)ـدا بێت و خۆی کاتی دامەزراندن بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت و بەپێی یاسا و ڕێنوێنی موڵەتی خوێندنی پێ درابێت و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەست هێنابێت، لە هەمان پلەی خۆی دەمێنێتەوە، تا کاتی کرانەوەی پلە بەرزکردنەوە، کە شایستەی پلە (٧)ـە و ناونیشانەکەی بەپێی بڕوانامە و پلەکەی هەموار دەکرێتەوە".

جەختیشیکردەوە، ئەو فەرمانبەرانەی بڕوانامەیان هێناوه و پێشتر ڕەزامەندی و فەرمانی وزارییان هەیە، هەمواری بڕوانامەیان بۆ کراوە و کێشەیان نییە و بەردەوامیشە، تەنیا پلەبەرزکردنەوەکەی دوادەخرێ، تا پلەبەرزکردنەوە دەکرێتەوە. 

دوێنێ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردسان نوسراوێکی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ئاماژە بەوە کرابوو" دوای نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە، ئەو فەرمانبەرانەی لە کاتی وەزیفەدا بڕوانامەی بەرزتر بەدەست دەهێنن، بۆیان هەموار ناکرێت".


PM:12:20:03/08/2022