زانكۆی سلێمانی یەكەمی سەر ئاستی هەرێمە



بەنوێترین ریزبەندی بڵاوكراوەی (وێبۆمەتریك) بۆ ریزبەندیكردنی ئاستی زانكۆكان، زانكۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان یەكەمی بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی سەرجەم زانكۆكانی عێراقیش سێهەمی بەدەستهێناوە.

لەو بارەیەوە پڕۆفیسۆر د.كۆسار محەمەد، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند "بەدەستهێنانی ئەو ئاستە بەرزە لە ریزبەندی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەرهەمی مامۆستایان و خوێندكاران و فەرمانبەرانە، دەستخۆشی لە مامۆستایان دەكەم بۆ هەوڵ و ماندووبوون و توێژینەوە ئاست بەرزەكانیان، كە بەو هۆیەوە زانكۆی سلێمانی (زانكۆی دایك) لەسەر ئاستی زانكۆكانی هەرێم پلەی یەكەم و لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق پلەی سێهەمی بەدەستهێناوە".

زانكۆی سلێمانی چەندین ساڵە بەپێی ریزبەندی (وێبۆمەتریك) لەو ئاستە بەرزەدایە و بەردەوام لە پێشكەوتنی زانستیدایە.

جێگەی ئاماژەپێدانە، زانكۆی بەغدا شەش هەزار ستافی وانە وتنەوەی هەیە و زانكۆی بەسرە دوو هەزار و ٥٢٧ ستافی وانە وتنەوەی هەیە، بەڵام زانكۆی سلێمانی دوو هەزار و ١٠٠ ستافی وانە وتنەوەی هەیە، واتە زانكۆی سلێمانی بە ستافێكی زۆر كەمتر لەو دوو زانكۆیە توانیویەتی لەسەر ئاستی زانكۆكانی عێراق پلەی سێهەم بەدەست بهێنێت.




PM:09:42:03/08/2022