نوێترین زانیاری سەبارەت بە بەستنی كۆنگرەی گشتی گۆڕان


ئامادەكاریەكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆكان كۆتایی پێهاتووەو بڕیارە ئەم مانگە هەردوو جڤاتەكانی بزوتنەوەكە بڕیاری كۆتایی بدەن.

سایتی (زەمەن)ی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە "ئەم مانگە گڕوتینێكی بەهێز بۆ كۆنگرەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكرێت كە بە كۆنفرانسی نیشتمانی ناودەبرێت، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی شەممەی رابردوو دوا گەڕی لیژنەی باڵای كۆنفرانسی گۆران بە سەردانكردنی مەكۆی چەمچەماڵ كۆتایی بە سەردانەكانی هێنا".

هەر بەپێی هەواڵەكە "تائێستا 370 كەس لە مەكۆكان بۆ ئەندامێتی كۆنفرانسی نیشتمانی هەڵبژێردراون، بڕیاریشە ئەم مانگە هەردوو جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی زنجیرەیەك كۆبونەوەی چڕو پڕ بكەن بۆ دوو ئامانج كە یەكێكیان لابردنی تەواوەتی بەربەرستەكانی بەردەم كۆنفرانسەو ئەویتریشیان دیاریكردنی رۆژی كۆنگرەیە كە پێدەچێت مانگی داهاتوو بێت".

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە مانگی 10ی ساڵی رابردوو ئەنجامدرا بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە یەك لیست بەشداربوون، بەڵام تەنها 19 كورسییان بەدەستهێنا و لەوەش گۆڕان هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێنا.



PM:10:08:08/08/2022