وەهاب هەڵەبجەیی پەیامێكی بڵاوكردەوە


وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت " لە هەر شوێنێك چاكسازی و ڕێگری لەگەندەڵكاران پێویستی بە ئێمە بێت،  ئامادەین و سەرقافڵەی كاروانەكە دەبین".

وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆر لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی گشتی لە ئەستۆی ئێمەدایە هەمومان پێكەوە كاراكتەری سەرەكی چاكسازی و گۆڕانكارین بەكردار سەلماندومانە بەجەستە و خوێن لەگەڵ پرۆژەی چاكسازی یەكێتی و سەرۆك (بافڵ)داین، كارەكانمان لەگەڵ هەڤاڵانی كۆماندۆ ئەوە دەردەخەن بۆ هەمیشە لە بەرەی ڕەسەنی گۆڕانكاری و چاكسازی و ڕێبازی ڕاستەقینەی خزمەتكردندا دەمێنینەوە".

هەڵەبجەبی ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە فێرنین خەڵك و حزب و سەركردەكانمان بۆ كورسی و پۆست و بەرژەوەندی كەسی بفرۆشین، وەك ئەو نا بەرپرسانەی پێشتر پۆستەكانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خێزانەكانیان بەكار دەهێنا، هەركەسێك پێچەوانەی ئەم بیر و بۆچونە لەكارەكانمان بڕوانێت چەواشەكار و تێكدەر و لادەرە دەتوانن بەكاری چاكسازی و ڕێگریكردن لە قۆرخكاری و گەندەڵی بمانناسنەوە، بەری خۆری گۆڕانكارییەكانمان بەبێژنگی چەواشەكاری ئێوە ناگیرێت."

بەڕێوەبەری دەزگای دژەتیرۆر "بەوپەڕی ڕاشكاوییەوە دەیڵێم، لە هەر شوێن و جێگەیەك خەڵك و حزب و حكومەت پێویستی بەهێزی ئێمە بێت بۆ چاكسازی و ڕێگری لەگەندەڵكاران، ئامادەین و سەرقافڵەی كاروانەكە دەبین."

هەروەها وتویەتی "دەتوانین وەك هەمیشە لەم ڕێبازە ڕاستەقینەدا تاقیمان بكەنەوە، هەر كارێك بكەین بۆ بەرژەوەندی خەڵكە هەرگیز وەك چاوبرسییەكانی پێش گۆڕانكارییەكانی ناو حزبی شەهیدان نەمان ویستوە و نامانەوێت گیرفانی خۆمان پڕبكەین و خەڵكیش برسی بكەین."




PM:10:44:16/08/2022