سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بۆ بابەتی گواستنەوەی فەرمانبەران، بڕیاری نوێ جێبەجێ دەكرێت".
سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی حكومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند" ئێستا لەسەر داوای فەرمانبەر، حاڵەتی تاك تاكی گواستنەوە لە وەزارەتێك بۆ وەزارەتێكی دیكە بەردەوامە و هەیە، ئەویش بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران".
وتیشی" ئەوەی لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی ئێمەدایە، گواستنەوەی بە كۆمەڵی فەرمانبەرانە، بەپێی دیراسە و لێكۆڵینەوە، كۆمەڵێك شوێن دەستنیشان دەكەین و كۆمەڵێك فەرمانبەر لە كۆمەڵێك وەزارەت بانگێشت دەكەین و لە ئاستی ئەدایان ئاگادار دەكرێنەوە، بۆ نموونە، كە چالاكییەكی ئەوتۆیان نەبێت، بۆیە بۆ شوێنێك دەگوازرێنەوە، كە چالاكی باشتریان هەبێت".
سیراج بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەكە بە راوێژ و گفتوگۆ دەبێت، بەڵام كارێكی زۆر فراوان دەبێت، گواستنەوەكە بۆ دەیان و سەدان فەرمانبەر، ئەگەری هەیە بۆ زیاتریش بێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی ڕاژە دەشڵێت" لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا، گواستنەوەی فەرمانبەران لە دامودەزگاكانی حكومەت لەسەر بنەمای داتا و زانیاری ئەلیكترۆنی نەبووە، تەنیا لەسەر داواكاری خودی فەرمانبەر بووە، زۆربەی فەرمانبەرانیش بە دوای ئەوەدا بوونە، كە بچنە شوێنێك مووچە و دەرماڵەیان باشتر بێت، مەرج نییە ئەنجومەنی راژە بەوە كار بكات، بەڵكو دەمانەوێت گواستنەوەی راژە لەسەر بنەمای پێشكەشكرنی خزمەتگوزاری بێت بۆ خەڵك".
جەختیشی كردەوە، حكومەت چەند ساڵێكە خەریكی دانانی وەسفی وەزیفییە، وەسفی وەزیفی تەنیا سیڤیی فەرمانبەر نییە، بەڵكو لەمەودوا هیچ فەرمانبەرێك لە حكومەت كار ناكات، ئەگەر وەزیفەكەی وەسف نەكرابێت، دەمانەوێت كەسی گونجاو بۆ وەزیفەی گونجاو بێت، بەپێی بڕوانامە و لێهاتوویی و شارەزاییەكەی.