ھێزێكی كۆماندۆ چونەتەسەر كۆمپانیاكانی خۆڵ و خاشاك و داوایان لێكردون داتا و سێرڤەرەكانیان ببەن بۆ شارەوانی سلێمانی.
دابان محەمەد، پەرلەمانتاری كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "دوێنێ لە سلێمانی ھێزێكی كۆماندۆ، چونەتەسەر كۆمپانیاكانی خۆڵ و خاشاك، داوایان لێكردون داتا و سێرڤەرەكانیان ببەن بۆ شارەوانی سلێمانی، گومان دەكرێت ھەندێك لە كۆمپانیاكان داھاتیان نەگەڕاندبێتەوە بۆ شارەوانی! یان مەقاسەیان بەو پارەیە لەگەڵ شتی ترا كردبێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "وەرگرتنی ڕوسومات لەلایەن كۆمپانیاوە نایاساییە، بڕیاری دادگاش دەرچوە، كە وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاك لەلایەن كۆمپانیاوە نایاساییە".
دابان محەمەد وتویەتی "ئەم ھەنگاوەی دوێنێ كارێكی باشە ئەگەر كۆمپانیاكان ھەڵوەشێننەوە و كۆی دۆسیە و پرۆسەكە ڕادەستی شارەوانی بكرێت، بەڵام ئەگەر بۆ گۆڕانكاری بێت لە چەند كۆمپانیایەكەوە بۆ كۆمپانیایەك، ئەوە كارێكی خراپە و گرفتی گەورە بەرۆكی ھاوڵاتیان و كاسبكاران دەگرێت".