نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم رایدەگەیەنێت، بۆ یەكگرتنەوەی پێشمەرگە كۆڵ نادەن و لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە گفتوگۆی بەردەوامدان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لەوتارێكدا لەمەراسیمی واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند "وێڕای هەموو سەختی و گرفتەكانیش، ئێمە جیددی و پابەندین بەوەی پێشمەرگە یەك بخەینەوە و پرۆسەكە سەربكەوێت. كۆڵ نادەین و لەڕووی سیاسیشەوە بەردەوام كاری لەسەر دەكەین، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ پارتی و یەكێتی لەسەر هێڵ و لە گفتوگۆی بەردەوامداین".
نێچیرڤان بارزانی وتی "هەموومان و دۆستانیشمان باش دەزانین كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هێزێكی پێشمەرگەی نیشتمانیی رێكخراو، یەكگرتوو و پیشەیی هەیە. ئەمە ئامانجێكی روونی ئێمەیە و دەبێ كاری جیددی لەسەر بكرێت. نابێت ئەم بابەتە ببێتە هۆی بێهیوایی و نائومێدیی خەڵكی كوردستان و دۆستانی هەرێمی كوردستان".
هەروەها ئاماژەی بەوەكرد "راستە هێشتا داعش هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا، بەڵام ئەوە تاكە هەڕەشە و ئاڵنگارییەك نییە رووبەڕوومان دەبێتەوە. ململانێ و ناكۆكیی هەرێمی و نێودەوڵەتیش لە ناوچەكە لە ئارادان كە پێویستە بە بایەخەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. لەگەڵ سوپای عێراق، پێشمەرگەش وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق، دەبێ بەهێز و تۆكمە بێت و رۆڵ و ئامادەیی لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵاتدا بگێڕێت".